جێگیر

ئاگاداری بۆ هەموو ئەندامان و میوانان!

مەکۆکان تەنها شوێنی وتوێژکردنی بەرفراوانی هەموو بابەتەکانی ویکی و بوارەکانی سەرچاوەی کراوەیە. هەروەها بابەتەکانی ڕادیۆ و پۆدکاستی چاوگ. بۆ پرسیاری نوێ بەشەکانی مەکۆ بەدروستی هەڵبژێرە بزانە پرسیارەکەت لە کامە هاوپۆلدا جێگای دەبێتەوە و دڵنیابە وەڵام وەردەگریتەوە.

#1 October 23, 2018, 21:11

دابان
چاودێران
شوێن: سلێمانی
تۆماربووە لە: November 23, 2008,
پەیامەکان: 111

کریپتۆ کەرەنسی و نێتوۆرک مارکێتینگ ئۆلایڤس (AuLives)

لەسەر داوای لیدەرەکانی AuLives ئەم بابەتەم کردۆتەوە بە مەبەستی ئەنجام دانی گفتو گۆیەکی زانستی. ئێمە بڕوامان وایە کەئەم جۆرە  سیستمە هەڕەمیە زیاتر سکامە و فێڵکردنە هیچ پەیوەندی بە کریپتۆ کەرەنسیەکانەوە نییە وەک(bitcoin) و هاوشیوەکانی. ئەوان ئەڵێن وانییە، لێرە هەردوو لا ئەتوانن زانیارەیەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. بەو هیوایەی ببێتە مایەی سود و بۆ کەسانێک کەپرسیاریان هەیە لەسەر ئەم بابەتەو وەک ئەرشیفیك بمێنێتەوە.

تێبینی: لە ژێر ئەم بابەتەدا  وەڵام دانەوە گفتو گۆ دەست پێ ئەکات.

سوپاس بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاوگ بۆ ڕێگەپێدانیان کە لێرە ئەم گفتو گۆیە ئەنجام بدرێت.


Those who speak know nothing

دەرهێڵ

#2 October 30, 2018, 16:53

دابان
چاودێران
شوێن: سلێمانی
تۆماربووە لە: November 23, 2008,
پەیامەکان: 111

Re: کریپتۆ کەرەنسی و نێتوۆرک مارکێتینگ ئۆلایڤس (AuLives)

وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ داوە  ئەم بەڕێزانە لە ڕیی کەسێکیانەوە  داوایان کردووە و تەحدایان کردووە کە هیچ کەس نییە نەتوانن ڕووبەڕووی بنەوە خۆیان داوای گفتو گۆیان کردووە، خۆیان پەیوەندیان گرتووە من دور و نزیک نە ئەیان ناسم نەهیچم وتوە لەسەریان. بەڵام ئەوە نزیکی هەفتەیەکە من چاوەڕیم چەند جارێک ئاگادارم کردنەوە کە بۆ بەشداری ناکەن، بەڵام بە بیانووی نە بوونی کات بەشداریان نەکردووە پێشم وانیە لە هەفتەیەکدا چەند کاتژمێرێک کات نەبوو بێت بۆ ئەمە، ئەوانیش یان هەرکەسێکی کە بیەوێت لێرە ئەتوانێت وەڵام بداتەوە یان پرسیاری هەبوو بیکات و ئەم بابەتە بەکراوەی ئەهێڵمەوە. بۆیە من ئەو مافە بە خۆم ئەیەم کە کۆمەڵێک زانیاری  بەکورتی بخەمە ڕوو لەسەر نێت وۆرک مارکێتین و ئەم کریپتۆکەرەنسیانەی کە بۆ داپۆشینی ئەو بازاڕە  دروست ئەکرێن کە لە ڕاستیدا نین.

١. کریپتۆ کەرەنسی  سێرڤەری نییە  و یەکەم کریپتۆ کەرەنسی (Bitcoin) خاوەنی دیار نییە.
٢. هۆکاری سەرەکی گەشەسەندنی ئەم کۆینە هەر ئەوە بوو کە نە ئەتوانرا بزانرێت لە کوێوە بۆ کوێ کۆین ئەگوازرێتەوە کێن ئەوانەی مامەڵەی پێوە ئەکەن و کێن ئەوانەی کاڵای پێ ئەکڕن، ئەتوانین بڵێن هاوشێوەی وێبگەڕی (Tor)کار دەکات، کە بەچەندین نۆدی جیاواز ڕاوتەر و کۆمپیوتەری کەسانی تردا گوزەر ئەکات تا نەزانرێت کێیە ئەم داواکریەی ناردووە بۆ کردنەوە فڵانە پەرە!
٣. ماینینگ و چارەسەر کردنی پرسیارە بیرکارەیە ئاڵۆزەکان خەسڵەتێکی تری کریپتۆ کەرەسنیە ڕاستەیەکانە.
٤. بۆ بەشداری کردن پێویست بە کڕینی هیچ پاکێجێک ناکات، پێویست ناکات بچیتە هیج سیستمێکی هەڕەمی و ژێرباڵی هیچ کەسێکەوە ڕاستەو خۆ بیکڕە یان دەستبکە بە ماینینگ وببە بەخاوەنی کۆین.
  ٥. هەرکات ویستت کۆینەکانت بگۆڕە بۆ پارە بۆ نمونە (دۆلار)وە بە پێچەوانەوە.
٦. کڕینی کاڵا بە کۆین یان گوستنەوەی کۆین و ئاڵوگۆڕکردنی.

ئەمەی سەرەوە گرنگ ترین ئەو خاڵانەیە کە هۆ کاری سەر کەوتنی بت کۆین و کریپتۆ کەرەنسیە کانی تر بوون لێرەدا ئەو پرسیارە یەتە پێشەوە کام لەم خەسڵەتە گرنگانە لە وەن کۆین و ئولایڤس هەیە؟
لەڕاستیدا هیچیان!

١. ئەم بەناو کۆینانە سێرڤەریان هەیە و خاوەنەکانیان دیارە کە بەشێکی زۆریان ناسراون بە سکامەر.
٢. بەشدار بوو جگە لەوەی لەسیستمێکی هەڕەمیدایە کە دواتر باسی ئەکەم ئەمە چ ماڵوێرانیەکی بە دواوەیە، سەرجەم زانیاریەکانی دیارە کێیە و چەن تۆکن لە هەژمارەکەیدا هەیە کەواتە سودی چییە؟ لەگەڵ بانکێکی ئاسایدا چ جیاوازیەکی هەیە؟ لەڕاستیدا جیاوازیەکەی ئەوەیە لە بانکدا پارەکەت دڵنیایی بۆ کراوە و ژمارەیەکە و هەیە و ترسی فەوتان و زیانی نییە و پێویستیش ناکات لە کەس بپاڕێتەوە بیکەتە کڕیار بۆ بانکەکە.
٣ . لە بەر ئەوەی ئەم تۆکینانە شتێکی ڕاستی نین و وجودیان نییە بۆیە بە هیچ جۆرێک ماینینگ ناکرێن، لیدەرکانی وەن کۆین ماینینگێکی درۆیان دروست کردووە کە خودی بەشدار بوو هەر ئەو تۆکینانەی خۆی هەیەتی ئەی گۆڕێت بە کۆین لەسێرڤەرکەی خۆیاندا کە ئەمە گەورەترین سوکایەتی و قۆڵبڕینە دەرهەق بە خودی بەشداربووکانی خۆیان.
٤. بۆ بەشداری کردن پێویستە پاکێجێک بکڕیت و بچیتە سیستمێکی هەڕەمیەوە کە ئەچیتە ژێر باڵی کەسێکی دیکەوە، لەم کاتەیا ئەم کەسەی سەر و تۆ پارە وەر ئەگرێت کە تۆی هێناوە، بۆیە تۆش پارەت دەست کەوێت ئەبێت کەسی کە بێنیت و بیخەیتە ژێر باڵی خۆتەوە بەم شێوەیە تا چالاک بیت قازانج زیاتر ئەکەیت و بەڵام پارە زۆر و حەقیقیەکە بۆ تۆپ لیدەرەکانە کەپێویست ناکات ڕێژە کانی بنووسم، ئەوان کە هیچ ناکەن ئەبنە خاوەنی ملیۆنەها دۆلار لەسەر حسابی کۆمەڵێک کەس لە خوارەوە کە بەردەوام خەریکی بێزارکردنی دەورو بەرەکەیانن!
٥. توانای گۆڕینی تۆکین یان کۆینەکانت نییە بۆ پارە.
٦. ناتوانیت هیچ کاڵایەک بەم کۆینانە بکڕیت، جگە لەهەنێک کاڵای کەم کە خۆیان دای ئەنێن لە وێبسایتەکانی خۆیان و هەر بە تۆپ لیدەرکانی خۆشیانی ئەفرۆشنەوە.

مەترسیە کان چین؟

١. مەترسی هەر گەورە خۆ دەربازکردنی یاساییە، هەر یەک لەم پاکێچانەی چ وەن کۆین و چ ئۆلایڤس بریتین لە پاکێچی خوێندن و کتێب، واتا تۆ پارە ئەیەیت بە کۆرس و کتێب و تۆکینەکە وەک بۆنەس وەر ئەگریت، لە ڕووی یاساییەوە هیچ مافێکت نییە لە کاتی فەوتانی ئەم تۆکینانە هیچ سکاڵایەک بکەیت چونکە کۆمپانیا کۆرس و کتێبی بە تۆ فرۆشتووە نەک کۆین، ئەو کۆینانە تەنها زیادەیەکە وەک دیاری وەرت گرتووە!
٢. نە چونە ناو بۆرسەی جیهانی و خۆڵکردنە چاوی بەشداربوانیان بەوەی ئەم ساڵ نا ساڵی داهاتوو! ئەم مانگە نا مانگی داهاتوو!
٣.  دروست کردنی وێبسایتی وەک دیڵ شەیکەر کە چەند کاڵایەکی هەرزان و بێکەڵکی لە خۆ گرتووە بەراورد بەو ملیارەها دۆلارەی دەستیان کەوتووە هەر شایەنی باسکردن نییە، لێرەدا بەحساب کڕیار ئەتوانێت بەو کۆینانە لەوێ شت بکرێت. ئەمەش هەر بۆ هەڵخڵەتاندنی کڕیارەکانیانە.
٤. ئەگەر ئەم کۆمپانیایانە بچنە بۆرسەشەوە هیچ سودێکی نابێت دیسان چونکە وەکە لەسەروە ئاماژەمان پێدا ئەمانە نێتۆرک مارکێتینگن نەک کریپتۆ کەرەنسی و هەموو زانیارەیەکانی خاوەنی هەژمار دیارە و ڕوونە. بەتەحداوە کەسێک نییە بێ ئەوەی خەڵکی هێنا بێت و نێتوۆرک مارکێتینگی ئەنجام دابێت دۆلارێک قازانجی کردبێت!!!

مەترسییە کانی سیستمی هەڕەمی چین؟

ئەم سیستەم شتێکی نوێ نییە لەپێش دروستبوونی ئینتەرنێتەوە بوونی هەبووە، کرۆکی ئەم سیستمە تەواو نزیکە لە قۆڵبرین یان سکامەوە.  ئەم سیستمەی ئەمان کاری لەسەر ئەکەن باینەریە واتا کەسێک لەسرەوە پاشان دوو کەسی کەو بەهەمان شێوە بۆ ئەوانی کەش

binary-MLM-compensation-plan.jpg

١. سەرە سەرکیەکانی هەڕەمەکە هەرگیز زەرەر ناکەن چونکە وەهم ئەفرۆشنەوە، تەنانەت پارەش لە ڕیکلام کردن بۆ وەهمەکەیان سەرف ناکەن. بەتەواوی پشت ئەبەستن بەوانەی خوار خۆیان بۆ پەیداکردنی کڕیار بۆ وەهمەکەیان.
٢.  هۆکاری ئەوەی کە ئەتوانن پشبەستن بەوانەی خوار خۆیان ئەوەیە کە هەرکەس ناچالاک بێت پارەکەی ئەفەوتێت کە بۆ بەشداری کردن داویەتی بۆیە بە ناچاری ئەکەونە ریکلام کردن و هەوڵدان بۆ پەیداکردنی کەسانی کە تا پارەکەی خۆیان چنگ بکەوێتەوە بەم شێوازە ئەوانەی خوار ئەمانیش هەمان هاوکێشە بەشێوەیەکی سەختر بەسەریاندا جێبەجێ ئەبێت بۆ دەستکەوتەنەوەی پارەکەیان ئەبێت کەسانی کەبیێنن.
٣. بەشێک لەمانە پارەیەکی باشایان دەست ئەکەوێت کەلەسەرەتاوە بەشداربوون بەڵام لەسەر حسابی ئەوانی خوارخۆیان نەک کۆمپانیاکە کە پاکێجیان لێ کڕیوە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی زۆرترین خەڵکیان تووشی ئەم کارەساتە کردوە کەتەواو لە نەخۆشی شێرپەنجە ئەچێت هەیکەلەکەی گەورەترین قازانجیان بە کۆمپانیا گەیاندووە زۆرترین پارەیان بۆ پەیدا کردوون بە بێ ئەوەی کۆمپانیاکە یەک دۆلاری یابێتنێ یان سەرف کردبێت سەدان هەزار دۆلاری پێ پەیا کردوون  بۆنەسێکی کەمی یاونەتێ.
٤. هاوسەنگ کردنی باڵەکان یەکێکی ترە لە فێڵەکان، ئەگەر باڵێکت بەشداربووەکانی ناچالاکبن باڵەکەی کەت چالاکبن ئەوە کۆمپانیا کە حساب بۆ باڵە ناچالاکە کە ئەکات ئەو قازانجی خۆی وەرئەگرێت و کەمترین بۆنەس ئەیات بەتۆ.
٥. درووست کردنی کێشەی کۆمەڵایەتی، ئەمانە بە جۆرێک ئەکەونە پەیوەندی کردن و داوای بەشداری لە هاوڕێ و کەسەکانیان زۆرجا ئەبێتە هۆی تێک چوون و پچرانی پەیوەندی، من بەش بەحاڵی خۆم هاوڕێی ئازیزم لێ زویربووە بۆم ڕوونکردۆتەوە من بەشداری ناکەم ئەمە فێڵە ئەمە زیانی هەیە بەڵام کۆڵی نەیاوە دواتر خۆی زویر کردوە.

سیستمە لێک چووەکان:

سەرەتای ئەم بەزمە لەکوردستان لە مێگا هۆڵدینگ دەستی پێ کردپاشان (Qnet)کاتێک مێگا شکستی خوارد وەنکۆین دروستکرا کە هەمان بنەمای هەیە تەنها جیاوازی ئەو تۆکین یان کۆینە وەهمیەیە بەدڵنیایەوە دوای کەمبونەوەی کڕیار ئەمانیش توشی هەمان شکست ئەبن لیدەرکان قازانج ئەکەن خاوەنەکانی و دروستکەرەکانی زۆرترین قازانج ئەکەن ئەوانەی خوارەوە زۆرترین زیان. بەداخەوە (Qnet) تائێستا بەردەوامن لە چالاکی لەکوردستان لەپاڵ هەریەکە لە (onecoin) و (aulives) کە نوێترینیانە.
ئۆلایڤس هەمان کۆپی وەن کۆینەوە دوو لیدەری وەن کۆینن جیا بوونەوەتوە و ئەمایان دامەزراندووە ئەڵێن ئێمە ئاڵتون ئەکڕین لە بری کۆینەکان بەڵام کەی لە کوێ ؟ کوا؟ و هیچ بەرپرسایرێتیەکی یاسایان نییە لە کاتی شکست و نەکڕیندا وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە!
ئەمان ئێستا کار لەسەر ئەوەئەکەن ناوی وەن کۆین بزڕینن لەکاتێکا بەگەڕانێکی بچوک هەموو پیاهەڵدانەکانی چەند مانگی پێشویانت دەست ئەکەوێت بەباڵای وەنکۆیندا.

ناوی دامەزرێنەران:

DrParwiz Daud
Mansour Tawafi


ڕەتکردنەوەکانی ڕاستی و نەبینینی:

ڕەنگە مامەڵە کردن و هەوڵدان بۆ تێ گەیاندنی ئەوانەی بەشداری ئەم کارەن سەخترین گفتوگۆکانی ژیانم بوو بێت بەجۆرێک کە ئەم گروپانە نایانەوێت گوێبگرن لێت یان تێ بگەن یان ئەوەتا تێ ئەگەن و بەڵام تەماع و پارەکە لەوە زیاترە دان بەڕاستیەکاندا بنێن، هەنێک جاردەڵین فڵانە زانیاری کۆنە! دەی ئەگەر کۆنبێت یان نوێ خۆ ڕاستیە وتراوە!  بەجۆرێک ترش و خوێی ئەکەن کاتێک قسەت لەگەڵ ئەکەن زۆر جار شەرم هێنەرە، هەنێکیان لەخواریشەوەن و دۆلارێک سودمەند نەبوون بەڵام بۆجۆرێک خڵتێنراون و مەستکراون نایانەوێت ڕاستییەکەببینن. من ئەمەوێت لەوە تێ بگەم خۆیان لەوەهمدا ئەژین و ناتوانن ڕاستییەکان ببینن یان یان ئەوەتا تێ ئەگەن و خۆیان وا نیشان ئەدەن کە ئەمان ڕاست ئەکەن.  کاتێک هەڵگرێکی بڕاوانامەی دکتۆرا و ڕاگری کۆلێجی زانست بەم جۆرە رێکلام ئەکات ماڵی خەڵک ویران ئەکات بۆسەفرە خۆشەکانی خۆی، ئینجا تێئەگەیت ئەمە چ کارەساتێکە!
https://www.facebook.com/13127809089285 … 120759580/
ئەوەخۆشی ئەزانێت ڕاست نییە!

بەڵام ئەم برادەرە وردە وردە خۆشی خەریکە بڕوا ئەکات، كڵاشی هەورامان،تەپڵ و دەف، ڤازەلین و نیڤیا، کۆنیستانتین و رۆجا خان
https://www.facebook.com/1CoinKurd/vide … 037353142/




کورتەی بابەتەکە:

١. بەهیچ جۆرێک سودنابینیت ئەگەر نێتۆرک مارکێتینگ نەکەیت و خەڵک نەهێنیت هەموو ئەوانەی وەن کۆین کەدەوڵەمەندبوون لەکوردستان  بەهۆی هێنانی خەڵکەوەبووە بوون بە لیدەر. هەزاران کەس زیانی بەرکەوتووە لە خوارەوە.
٢. تۆ کە لەخوارەوە بڕێک کۆینت هەیە بەحساب. لەخۆتت پرسیەوە ئەوەچەند ساڵە چ سودێکت بینیوە؟ چیت دەست کەوتووە؟ هیچ بێگومان.
٣.نە ئاڵ و گۆڕ و نە ناردن و نە کڕین و فرۆشتن بە کۆینەکانتەوە ناکرێت.
٤. مافی هیچ داوایەکی یاسایی و نییە بۆ کۆینەکانت لە کاتی نەمانی کۆمپانیا چونکە تۆ بەحسابی ئەوان کۆرسی فێرکاری و کتێبت وەرگرتەوە ئەمە تەنها بۆنەس بووە.
٥. بەهیچ جۆرێک بەشداری هیچ سیستمێکی هەڕەمی مەکە، هەر شتێک وا دەرکەوت کە لەوە جوانتر و بەرهەمدار ترە لە ڕووی قازانجی خێراوە بزانە کە درۆیەکی گەورەیە و خەیاڵە، کەس بە خۆڕیی پارەت نایاتێ بانگت ناکات بۆ جێگایەک قازانجی خەیاڵی بکەیت. خۆی هەمووی ئەکڕیت ئەگەر بزانێت ئەوەندە پڕ خێرە!
٦. هیچ کام لە کریپتۆ کەرنسیەکان کەنرخیان بە هەزاران دۆلارە ئەم نێتۆرک مارکێتینگ ئەم وەعدانەیان نەیاوە.


چی بکرێت بۆ وەستاندنی؟

بەبڕوای من ئەبێت سەرجەم ئەم گروپانە بوەستێنرێن وەک چۆن لە ئەوروپا لەزۆربەی وڵاتەئەوروپیەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ڕێگریان لێ ئەکرێت
١.  لێکۆڵنەوە لە تۆپ لیدەرکانیان و وەرگرتنی بەڵێن نامە لێان لەکاتی هەرسهێنانی ئەم سیستمەدا بەرپرسیاریتی هەڵگرن.
٢. ووشیارکردنەوە خەڵک لەرێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە.
٣. گرتنە بەری هەنگاوی ئانی بۆ وەستاندنی سەرجەم کار و چالاکیەکانی تەواوی سیستمە هەڕەمیەکان لەکوردستان.


بەستەری دەرەکی لەسەر ئۆلایڤس:


١. https://behindmlm.com/mlm-reviews/auliv … coin-clone

٢. https://www.gerlachreport.com/news/das- … _LcUpajs8Q

٣. پۆدکاستی چاوگ لە خولەکی ٤١ ەوە باسی ئەم بابەتە ئەکات
https://soundcloud.com/chawgpodcast/ell … Ytn68zgNGg

سەدان ڤیدیۆ و بەستەر و هەواڵ و زانیاری تەنها بە گەڕانێک لە گووگڵ لەسەر ئەم بابەتەی سەرەوە هەیە.


Those who speak know nothing

دەرهێڵ

تەختەی پێپەڕە

بەهێزە بە : FluxBB