ڕێبەری سەرەتایی بۆ وێنەگرتن بە کامێرای DSLR (بەشی دوو)

لەم بەشەدا باسی کۆمەڵێک لە پارەچەکانی کامێرا ئەکەین لەگەڵ جۆرە سەرەکییەکانی وێنەگرتن، سەرەتا بەشی یەکەم بخوێنەرەوە پاشان ئەم بەشە.

هاوێنە(lens): هاوێنەیەک یان چەند هاوێنەیەکن، لە کامێرا ئەبسترێت بۆ دروستکردنی وێنە لەسەر هەستەوەر یان فلیمی کامێرا. زۆر بەی فۆتۆگرافرەکان لەوە هاوڕان کە هاوێنە هێندەی خودی کامێرا گرنگە لە وێنە گرتندا.

دوو جۆری سەرەکی هاوێنەهەیە

prime: ئەم جۆرە جێگیرە و نزیک و دور ناخرێتەوە بۆ نمونە لە ٨٥ ملیمەتردا، هەمیشە پرایم ئەپێرچەرێکی گەورەتر یان باشتری هەیە لەو هاوێنانەی کە نزیک و دوور ئەخرێنەوە. بۆ وێنەی کەسی، گیانلەبەرانی ناو سروشت و وێنەی ئاسامان بەکاردێت.

zoom: ئەم جۆرە هاوێنەیە ئەتوانرێت بەو ئاستەی کە بۆی دیاری کراوە لەو تەنانە نزیک و دور بکەوێتەوە کە وێنەی ئەگرێت بۆ نمونە ١٨ بۆ ٢٠٠ ملیمەتر، بەدەستهێنانی ئەپێرچەری بەرز لە دروستکردنی ئەم هاوێنەیە کارێکی ئاسان نییە بۆیە ئەپێرچەریان کەمە بە گشتی، بەڵام بە ئەپێرچەری تا ڕادەیەک باش نرخیان زۆر گران ئەبێت.

 

جۆرەکانی سێنسەر(هەستەوەر): کاری هەستەوەر گۆڕینی شەپۆلی ڕووناکیە و زانیاریەکانیەتی بۆ وێنە. بەشێوەیەکی گشتی ئەکرێن بە دووبەشەوە(full frame) و (cropped) گەورەترین جیاوازی لەنێوانیاندا بەهۆی هاوێنەوە درووست ئەبێت. ئەگەر هاوێنەیەکی ٥٠ ملیمەتری بخیتەسەر کامێرایەکی فوڵ فرەیم ئەوا هەر ٥٠ ملیمەتر ئەبێت بەڵام بیخیتە سەر هەستەوەرێکی ىڕدراو (cropped) ئەبێت بە ٨٠ ملیمەتر(بە گریمانە دانراوە ئەو ژمارەیە).

full frame: بنەڕەتی ئەم جۆرە هەستەوەرە فلیمی ٣٥ ملیمەتر بە ٢٤ ملیمەترە هەر هەستەوەرێکی دیجیتاڵی بەو قەبارەیە بە فوڵ فرەیم هەژمار ئەکرێت. هاوێنە هەمان دووردی هەیە کە دیارکراوە ١٠٠ میلیمەتر هەر ١٠٠ میلیمەترە.

cropped: ئەم جۆرەی هەستەوەر بچوکترە، بەڵام نرخی هەرزانترە. بۆ وێنەگرتنی تەنی دوور سودی لێوەرئەگیرێت بەهۆی ئەوەی دووری هاوێنە زیا ئەکات، بێگومان لە هەستەوەرێک بۆ هەستەوەرێکی کە ئەگۆڕێت، بۆ جۆری کامێراکەت بگەڕێ ئەزانیت چەندە دووری هاوێنە زیا ئەکات.

جیاوازی کامێرای ئاوێنەدار و بێ ئاوێنە: کامێرا ئاوێنە دار واتە کامێرای DSLR. لە بەشی یەکمدا باسکراوە کە وێنە ئەچێتە سەر ئاوێنە لە ڕێگای هاوێنەکەتەوە لە کاتی گرتنی وێنە هەڵئەگەڕێتەوە تا ڕووناکی بەر هەستەوەر بکەوێت.

لە کامێرای بێ ئاوێنەدا وێنە ڕاستەوخۆ لە هاوێنەوە ئەگوێزرێتەوە بۆ سەر سێنسەر، لەڕێگای پیشاندەرێکی دیجیتاڵیەوە تەنەکان ئەبینت.

 

کامێرای برج: ئەم جۆرە لە کامێرا لێنزێکی جێگیری پێوەیە. ناتوانرێت لێ بکرێتەوە یان بگۆڕدرێت بە یەکێکی کە هەروەها ئاوێنەی تیا نیە بۆ هەڵگەڕانەوەی وێنە بۆ شوێنی بینی (View Finder) کامێرایەکی باشە بۆ ئەوکەسانەی سەرتایانەو زانیاری زۆریان نییە لەسەر وێنەگرتن. بەربڵاوترینیان (Nikon Coolpix P1000) کە هاوێنەکەی (١٠٠٠) میلیمەترە.

فلاش: ڕووناککەروە بەشێکی یەکجار گرنگی وێنەگرتنە بە تایبەت وێنەی کەسی، مەرج نییە لەکاتی تاریکیدا بەکاربهێنرێت، هەنێک جار بۆ تاریککردنی پاشبنەما و سافکردنی دەماچاو سودی لێوەرئەگیرێت، هەموو کامێرایەک بە بنەڕەت فلاشی پێوەنییە بە تایبەت کامێرای (Full Frame) کە گرانترین و باشترین هەستەوەریان هەیە. فلاش چەنجۆرێکی هەیە ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ و ڕووناکی بەردەوام هەموویان ئەچنە خانەی فلاشەوە.

ستاند: بەکاردێت بۆجێگیر کردنی کامێرا، زۆر گرنگە لە وێنەی شەودا کە ئێکسپۆژەری درێژ بەکاردێت. لەگرتنی (Time Lapse) پێویستە ستاندت هەبیێت بۆجێگیرکردنی. چەند جۆرێکی هەیە جێگیر و ستاندی جوڵاو کە لە (Time lapse) بەکاردێت بۆ دروستکردنی کاریگەری.

جۆرەکانی وێنەگرتن:

وێنەی کەسی(Portrait): ئەمە سەرجەم وێنەی ئاهەنگ، وێنەی تاکەکەس ئەگرێتەوە، لەم وێنەگرتنە دا سەرنجدان زۆر گرنگە لەسەر ئەو کەسەی کەوێنەکەی ئەگریت. پێویستە ئاگاداری ڕووناکی و تاریکی ئەو بەشەبیت کەلە سەرنجداندایە هەروەها ئاگاداری  پاشبنەما و پێشی وێنەکەبیت.

وێنەی شەو: سەرجەم جۆرەکانی وێنە گرتن چ بە ئێکسپۆژەری درێژ یان بە ڕووناکردنەوە بۆ شەو پێوستت بە هاوێنەیەکی باش هەیە کە ئەپێرچەری زۆر بێت، وێنەی شەو ئەکرێت وێنەی کەسی بێت بە بەکارهێنانی فلاش و ئەپێڕچەری بەرز، یان وێنەی ئەستێرە، سروشت بە بەکارهێنانی ئێکسپۆژەری درێژ. هەمیشە پێوستە بۆ شەو ستاندت پێ بێت وەک لە بەشی یەکەم ئاماژەمان پێدا شەتەری خاو بچوکترین جوڵە وێنەکەت تەڵخدەکات.

بە ئێکسپۆژەری درێژ بە ڕووناکی کەم ئەتوانیت وێنەی سەرنج ڕاكێش بگریت.
نمونە لە فلیکەرەوە هێناومە:

ئەم وێنەیە بەم جۆرە گیراوە:

١. شەتەر سپید کراوە بە ٣٠ چرکە.

٢. ISO کراوە بە ٤٠٠٠ چوار هەزار.

٣. ئەپێڕچەر F2.8

٤. هاوینە ١٥ ملیمەتر.

 

وێنەی تەنی نزیک و ورد (macro): ئەم جۆرەی وێنە گرتن بۆ گوڵ، مێروی بچووک و هەرتەنێکی ورد بەکاردێت، سەرەتا پێویستە تەماشای هاوێنەکەت بکەیت کەنزیکترن دووری چەندی کە بتوانیت وێنەی پێ بگریت، بەئاسانی بتوانی سەرنج(Foucs) لەسەر ئەو تەنە بکەیت کە وێنەی ئەگریت.
نمونە:

ئەم وێنەیە بەم جۆرە گیراوە:

١. شەتەر سپید کراوە بە ١/٣٢٠.

٢. ئەپێڕچەر F6.3

٣. هاوینە ٢٠٠ ملیمەتر.

وێنەی سروشت(Landscape): بۆ وێنەی سروشت پێویستت بە هاوێنەیەک ئەبێت کە توانای دەرخستنی زۆرترین ڕووبەری هەبێت(wide lens) لە ١٢ ملیمەتر تا ٢٢ میلمەتر پێشنیار کراوە، پێویستە تەواو ئاگاداری (سەرنجدان) و (ئێکسپۆژەر) بیت، ئەگەر وێنەکەت بە (RAW) بگریت باشترە بۆیە دواتر بتوانیت زۆرترین دەستکاری بەشە زۆر تاریک و زۆر ڕووناکەکان بکەیت.

نمونە:

ڤیدیۆ گرافی: ڤیدۆگرتن بە کامێرای (DSLR) زۆر بەی ئەوانەی باسمان کرد بەسەریا جێ بەجێ ئەبێت، جگە لە (Shutter Speed) هەریەک لە ئەپێرچەر و ISO و جۆری هاوێنە کاریگەری ڕاستەوخۆ ئەکەنە سەر ڤیدیۆ گرتن و تاریک و ڕووناکی، بۆ ڤیدۆگرتن پێویستت بە هاوێنەیە لە جۆری HSM تا لە کاتی سەرنجداندا دەنگی هاوێنە تۆمار نەبێت، هەروەها ئەپێرچەری بەرز بۆ شوێنی تاریک.

کام کامێرابکڕم: ئەمە پەیوەستە بە خۆتەوە، بەڵام کاتێک براندێک هەڵئەبژێریت ئاگاداری ئەوە بە کە هاوێنەکانی هەرلەگەڵ خۆیا ئەگونجێن هاوێنەی دروستکراو بۆ کانون لەگەڵ نیکۆن ناگونجێت. ئەگەر شارەزایی باشتنییە پارەی زۆر لە کامێرایا خەرج مەکە جارێ هاوێنەی باش بکڕە لە گەڵ کامێرەیەکی مام ناوەند تا تەواو فێری وێنەگرتن ئەبیت، چونکە هەمیشە مۆدێلە بەرزەکان ڕێکخستنەکانیان ئاڵۆزترە بۆ کەسێک کەسەرەتابێت. پێشنیارم ئەوەیە سەرەتا بە کامێرای برج دەستپێ بکەیت ئەگەر هیچ زانیاریت نییە.

دەستکاریکەر: دەستکاری کەری وێنە یەکجار زۆرن دەیانی خۆڕایی هەیە، بەڵام بڵاوترینیان (adobe lightroom) کە زۆربەی فۆتۆگرافەرکانی دنیا ئەوە بەکار ئەبن، بەڵام بە پارەیە. لێرە بەستەری چەند دەستکاری کەرێکی خۆڕایی دائەنێم.

١. GIMP

٢. PhotoScape

٣. Fotor

 

کڕینی سەرهێڵ لە کوردستان

لە ئێستادا کڕینی سەرهێڵ لە کوردستان و عراق بۆتە دیاردە، بەڵام بەشێوەیکی زۆر خراپ. کڕیار هیچ مافێکی نییە لەم مامەڵەیەدا، لەڕووی نرخ، جۆرایەتی و ڕیکلامی درۆ بۆ کاڵا بەمەبەستی ساغکردنەوەی. ئەم جۆرە بازرگانییە ئەگەر هەرلێرە هەبێت تەماشای هەرچی بازاڕی دنیا ئەکەیت کە زۆرترین قۆڵبڕینیشی تیا بێت هەر لەمەی کوردستان باشترە چونکە چەندین ڕێگا فەراهەم کراوە بۆ گەڕاندنەوەی کاڵا بۆ فرۆشیار ئەگەر کاری نەکرد یان وەک ئەوەنەبوو کە ڕیکلامی بۆ کراوە.

گرنگترین ئەو تایبەتمەندیانەی کە پێویستە لە کڕینی سەرهێڵ هەبێت:

١. هەڵسەنگاندنی بەکارهێنەران بۆ ئەو فرۆشیارە.

٢. نووسینی مافی گەڕاندنەوەی کاڵا چەندە کات بەردەستە لە لایەن کڕیارەوە بۆ ئەومەبەستە.

٣. دابین کردنی گوستنەوەی خۆڕایی لە کاتی گەڕاندنەوە.

٤. لەکاتی کێشە بتوانیت سکاڵا بکەیت لە لای خاوەنی بازاڕەکە وەک ebay ئەگەر بەوەش چارەنەبوو لەڕێگای paypal پارەتدابێت ئەتوانیت لەوێ سکاڵابکەیت.

مافی گەڕاندنەوەی کاڵا:

ئەمە گرنگترین تایبەتمەندی بازاڕی سەرهێڵە، ئەوانەی لەم بازاڕانە کاڵا ئەفرۆشن بۆئەوەی هەڵسەنگاندنیان خراپ نەبێت وەک ئەم پەندەکار ئەکەن “كڕیار هەمیشە لەسەر حەقە” هەمیشە کاڵا وەرئەگرنەوە بە هەرهۆکارێک بینێریتەوە، بەڵام ئەمەزۆن خۆی چەند یاسایەکی داناوە بۆ کاڵا گەڕاندنەوە کە لێرە ئاماژەی پێ ئەیەن.

ئەمەزۆن یاساکانی دابەشکردووە بەڵام ئەو کاڵایانەی کە ناگێردرێنەوە وەک کەلوپەلی ئارایشت، خواردنی ئاژەڵ و میوەهات هتد…، لەکاتی بوونی کێشە یان پارەکەت بۆ ئەگێڕنەوە یان کاڵایەکی کەت بۆ ئەنێرن. بۆ جل و بەرگ ئەتوانیت بیگێڕیتەوە لەماوەی ٣٠ رۆژ لە گەشتنی، بۆ هەر ئامێرێکی کە لە کاتی ناردنەوە پرسیارت لێ ئەکرێت لەسەر هۆکاری گەڕاندنەوەکەی.
بەشێک لەو پرسیارانە کە بۆ ئەم کاڵایە ئەگێڕیتەوە؟

١. بەباشی ڕوونکردنەوە لەسەر کاڵاکە نەدراوە.

٢. پاکەت یان کاڵەکە زیانی پێگەشتووە.

٣. کارناکات یان کێشەی هەیە.

٤. لەکاتی دیاریکراو بۆ گەیاندنی نەگەشتووە.

٥. بەهەڵە داوای ئەم کاڵایەم کردووە.

٦. کاڵایەکی هەڵەنێردراوە لەبری ئەوەی داوامکردووە.

٧. کاڵا وەک ئەوەنیە کە بانگەشەی بۆکراوە.

ئەمە بەشێکی کەمە لە مافی کڕیار کە پێویستە لەکاتی کڕیندا فەراهەم بکرێت. ناکرێت تۆ کاڵایەک بکڕیت و مافی گەڕاندنەوەت نەبێت.

کڕینی سەرهێڵ لە کوردستان:

لە کوردستان بەگشتی دوو جۆر کڕین هەیە هێنانی کاڵا لە ئەمزۆنەوە یاخود کڕینی کاڵا لەڕێگای فەیسبووک و ئینسات گرام کە فۆرشیار ڕیکلامی بۆ ئەکات بە بێ بوونی هیچ چاودێرییەک بەویستی خۆی لەدانانی نرخ و پیاهەڵدانی و زیادکردنی تایبەتمەندی درۆ بۆ ئامێرەکە، نەبوونی کارتی بانق و paypal تا داوای گەڕاندنەوەی پارەبکەیتەوە لەکاتی بوونی کێشە هیچ مافێکت نییە.

١.کڕینی لە ڕێگای ئەمەزۆن: ئەم جۆرە کڕینە تۆ کاڵایەک هەڵئەبژێریت لە ئەمەزۆن و لەڕیگای ئەوکەسانەی ئەم کارە ئەکەن بۆت ئەکڕن و کرێی گوستنەوە و قازانجی خۆیان ئەخەنە سەری، بەڵام کڕیار  لەکاتی بوونی کێشە  بچوکترین مافی نییە. نمونە هێدفۆنێکی بلوتوسم کڕی بەڵام کە بەدەستم گەشت ئەوەنەبوو کە داوام کردبوو مۆدێلێک نزمتر ئامێرەکە هی هەمان کۆمپانیا  بوو بۆی کڕیار هەستنەکات، بەڵام هەم بە ڕواڵەت جیاوازبوون نرخیشی ڕێک نیوئەوەندەی نرخی ئەوەبوو کە من داوام کردبوو، هیچیشم پێنەکرا!

٢. کڕینی فەیسبووک: ئەم جۆرەیان بە سپۆنسەر کردن و دانانی ئیمۆجی و پیاهەڵدانی درۆ بەکاڵایەکی بێکەڵکدا کڕیار فریوئەدەن، لەکاتی گەشتنی  پارەکە ئەدەیت، دیسان هیچ مافێکت نییە بۆ داواکردنەوەی پارەکەت و گەڕاندنەوەی کاڵاکە لەکاتی بوونی کێشە. هیچ چاودێرییەک بەسەر ئەم بازرگانیەوە نییە کە بۆتە دیاردە لە کوردستان، ئەمەش تاقیکراوەتەوە کە کاڵاکە زۆرجار جیاوازە لەوەی پیشانئەدرێت لە ڕووی جۆرایەتی یان بەشێک لەو تایبەتمەدنیانەی تیا نییە کە بانگەشەی بۆئەکات فرۆشیار .

بۆیە تەواو ئاگاداربن و بە هیچ جۆرێک لەم جۆرە بازرگانییە نزیک مەبنەوە تا وەکو ئەم فرۆشیارانە مافی گەڕاندنەوە بۆ کڕیار دابین ئەکەن. چاودێری ئەخرێتە سەریان و سیستمی بانقی درووست ئەکرێت کە بتونیت داوای پارەگەڕاندنەوە بکەیت.

ڕێبەری سەرەتایی بۆ وێنەگرتن بە کامێرای DSLR

کامێرای DSLR : کامێرای دیجیتاڵیە کە لەڕێگای لێنزەوە(هاوێنە) دیمەنەکان ئەبینت، بەهۆی بوونی ئاوێنەیەک لە پشت لێنزەکە و بەردەم سێنسەری کامێرەکە. ئاوێنە وێنە بۆ شوێنی بینین ئەگوازێتەوە، لەکاتی چرکاندنی کامێرا بەمەبستی وێنە گرتن ئاوێنەکە هەڵئەگەڕێتەوە، یان بەرز ئەبێتەوە تا ڕێگا بدات ڕووناکی بەر سێنسەری کامێراکە بکەوێت.

لەم نووسینە زۆر ترین جار باسی ڕووناکی ئەکەین، پێویستە تێ بگەیت لەوەی گرنگترین شت لە وێنەگرتندا ڕووناکییە، هەموو بەشەکان کاریان بەسەر ڕێکخستنی ڕووناکیەوە هەیە، خودی وێنە ڕووناکییە لەسەر سێنسەری کامێرا.

Exposure: بڕی ئەو  ڕووناکییە کە بە سێنسەری کامێراکەت ئەگات، زۆری و کەمی ئەبێتە هۆی زۆر ڕووناک وبوون و تاریک بوونی وێنەکەت.

هەریەکە لە (shutter speed)، (aperture) و (ISO) کار ئەکەنە سەر ئێکسپۆژەر.

Shutter speed: بریتیە لە کاتی وێنەگرتن یان کاتی بەرکەوتنی ڕووناکی بە سێنسەر یان فلیمی کامێرا.

تا کاتی زیاتر بێت ڕووناکی زیاتر بەر سێنسەری کامێراکەت ئەکەوێت، بەڵام لە چرکەیەکەوە پێویستە تەواو کامێرا کەت جێگیر بێت. زۆر جار لە گرتنی وێنەی شەو یان ئاسمان شەتەری درێژ بەکاردێت، بۆ نەرمکردنەوە(soft) کردنی ئاویش بەکاردێت.

نمونە:

لەم وێنەیەدا خێرایی شەتەر ٢.٥ چەرکەیە، واتە بە دوو چرکە و نیو ئەم وێنەیەگیراوە.

 

Aperture: کرانەوەی کونی هاوێنە یە یان ئەو کونەیە کە ڕووناکی پیا تێپەڕ دەبێت بۆ سەر کامێرا، تا گەورەتربێت باشترە، بەڵام لەپێوانیدا تا ژمارەی پێوانەکەی بچوکتربێت واتە کونەکە گەورەترە و ڕووناکی زیاتری پیاتێپەڕ دەبێت.

بە F هێما دەکرێت وەک F 1.4 یان F 8 لێرەدا ١.٤ گەورەترە لە ٨.

تا ئەپێرچەر گەورەتربێت(ئەو ژمارەیەی کە لەگەڵ F کەدایە بچوکتربێت)  ئەو بەشەی کە لەدەرەوەی وێنەکەدایە یان لە پاشبنەمای فۆکەسدایە زیاتر تەڵخ ئەبێت.

چۆن بۆ تەڵخ و ڕوونکردنی پاشبنەما بەکاردێت بۆ تاریک و ڕووناککردنەوەش بەکاردێت ئەگەر F زیاد کەیت کونی هاوێنە بچوک ئەبێتەوە و ڕووناکی کەمتر ئەگات بە سێنسەر(هەستەوەر)، لەو وێنەیەی سەرەوەدا لەبەر ئەوەی ڕۆژە و شەتەری زۆرمان بەکار بردووە بۆیی بۆی زۆر ڕووناک دەرنەچێت کراوە بە F16.

نمونە بۆ تەڵخ بوونی پاشبنەما

هەرچەندە لەوێنەی کەسی(portrait) زیاتر ئەمە دەرئەکەوێت، بەڵام دیارە لێرەدا کە پاشبنەما تەڵخ بووە هەموو ئەوشتانەی لەدەرەوەی فۆکەسن تەڵخن.

مۆدەکان: لێرەدا باسی سێ جۆری وێنەگرتنی سەرەکی ئەکەین کەلەزۆربەی کامێراکاندا هەن.

  • shutter priority: یان بە (TV) هێما کراوە لەسەر کامێراکەت لەم مۆدەدا ئەتوانیت دەستکاری خێرایی شەتەری کامێراکەت بکەیت بەڵام ئەپێرچەر بەشێوەیەکی خۆکار و بەپێی پێویستی خۆی ئەگۆڕێت تۆ ناتوانیت دەستکاری بکەیت.
  • aperture priority:  یان بە (AV) هێما کراوە لەسەر کامێراکەت، لەم مۆدەدا تۆ ئەتوانیت F بگۆڕیت، بەڵام توانای گۆڕینی شەتەرت نییە.
  • manual: ئەم مۆدە بە(M) هێما کراوە لەسەر کامێراکەت، لێرە توانای گۆڕینی هەموو شتێکت هەیە، بەتەواوی کۆنترۆڵی کامێرا لەژێردەستی خۆتایە.

کۆمەڵێک ئامرازی تر کەپێویستە زانیاریت لەسەری هەبێت.

Focus: وتا سەرنجدان لەسەر خاڵێک یان تەنێک، ئامرازێک یان کەسێک. بەچەند خاڵێک ئەیبینیت، تا ژمارەی خاڵەکانی فۆکەس لە کامێرەکەتا زیاتر بێت باشترە، ئەوەی گرنگە بیزانیت ئەتوانیت سەرجەمی ئەو خاڵانەی بەردەستن بخەیتە کار یان گروپێک لەوان یان دانەیەک، بەهۆی دوگمەی تایبەت مەند بەو کارە لەسەر کامێراکەت.

هەروەها دووجۆر فۆکەس کردن هەیە خۆکار و دەستکرد، خۆکار بە(AF) هێما کراوە لەسەر هاوێنەکەت کە ئەتوانیت بیکوژێنیتەوە و دایگرسێنیتەوە، ئەگەر لەسەر هاوێنە نەبوو  لە کامێراکەتا لە پرۆگرامەوە ئەتوانیت چالاک و نا چالاکی بکەیت. ئەگەر ویستت بەدەستکرد فۆکەس بکەیت لە ڕێگای ئەو ئەڵقەیەوە ئەی کەیت کە تایبەتە بە فۆکەس کردن لەسەر هاوێنەکەت.

ئەگەر خۆکارت بەکارهێنا(کەپێشنیار کراوە) ئەوە بە سوکی دەست بنێ بە دووگمەی وێنەگرتندا(دەستپیانانی تەواو نا وەک لەکاتی وێنەگرتن دەستی پیا ئەنێیت) سەرنج بخەرە سەر ئەو تەنەی مەبەستە ئەبینیت خاڵەکانی فۆکەس بە ڕەنگی سور دائەگیرسێن. واتە لەو شوێنەدا فۆکەست کردووە، ئەگەر بتەوێت سەرنجدانەکەت وردتربێت ئەوا وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەتوانیت تەنها خاڵێک  چالاک کەیت.

White balance: پەیوەندی هەیە بە ڕەنگ بۆ وێنەکەت، ئەگەر لەسەر خۆکار بێت خۆی چ ڕەنگێک زاڵبێت زیاتر بۆ ئەو ڕەنگ خۆی ئەگونجێنێت، بۆیە هەنیک جار وێنەکەت ڕەنگەکانی نا سروشتی دیارن، لەکامێرەکەشتا کۆمەڵێک هەڵبژاردنی تیایە ئەتوانیت ئەوانە بکاربێنیت، وەک هەتاو، هەور، ژوور، ئێوارە و هتد..

ISO: هەستیاری سێنسەر بۆ ڕووناکی، لە ٥٠ دەستپێدەکات و لەکامیرایەک بۆ یەکێکی کە ئەگۆڕێت تا چەند ئەتوانیت بەررزی کەیتەوە، لە شوێنی ڕووناکدا زۆر پێویستت بە بەرزکردنەوەی نییە. تا iso بەرز کەیتەوە ڕوونی وێنەکەت خراپ ئەکەیت بەتایبەت لەکاتی نزیکردنەوەی وێنەکتدا دەرئەکەوێت، کەواتە تا ئەتوانیت هەوڵبدە بە iso ی کەم وێنە بگریت. بەشێوەیەکی گشتی لە نێوانی ١٠٠ بۆ ٨٠٠ باشە، بەڵام لە ٨٠٠ زیاتر وێنەکەت بەرەو تێکچوون و زیادبوونی خاڵ و نۆیس ئەڕوات. بەپێی توانای کامێرا ئەگۆڕێت.

Dynamic range: جیاوازی نێوان تاریکترین و رووناکترین خاڵ لە وێنەیەکدا، یەکێکە لە کێشەگەورەکانی وێنەگرتن, کاتێک دوو بەشت هەیە یەکیان تاریک و ئەوی کە ڕووناک فۆکەس لەسەر کام بەشە بکەیت ئەوی کە یان تەواو تاریک ئەبێت یان یەکیان زۆر ڕووناک ئەییت(ئۆڤەر ئێکسپۆز) تایبەت بۆ ڕەسمگرتنی ئێواران و هەور و ئاسمان کە دار و شاخ و هتد.. لەگەڵ بێت ! کامێراکەت داینامیک ڕەینجی باش بێت و بە RAW وێنەکە بگریت ئەتوانیت بەڵانسی ڕووناکی و ڕەنگ تا ڕادەیەکی باش چاک بکەیت یان فلاش بەکار بێنیت تا رادەیەک سودی هەیە، بەڵام وەک ئەم وێنەیە کەهەمان وێنەیەو بە JPEG گیراوە لەوە زیاتر دەستکاری تێکی ئەیات.

قەبارە و جۆرەکانی پەڕگە: لە ڕێکخستنەکانی کامێراکەتا ئەتوانیت جۆر و قەبارەی وێنەگرتن بگۆڕیت، واباشترەکە کە گەورەترین قەبارە هەڵبژێریت تا زۆرترین سود لە مێگاپێکسڵەکانی کامێراکەت وەربگریت.

بۆ جۆری پەڕگە (RAW) و (JPEG) هەیە ئەگەر(RAW) هەڵبژێریت ئەوا قەبارەی وێنەکان زۆر گەورەتر ئەبن، بەڵام زۆرترین دەستکاری ئەتوانیت بکەیت دواتر لە کۆمپیوتەرەوە، ڕاستەوخۆ ناتوانیت وێنەکان ببینیت بێ پڕۆگرامی تایبەت بەدەستکاری.

ئەگەر( JPEG) هەڵبژێریت قەبارەی وێنەکان کەمتر ئەبنەوە و ڕاستەوخۆ ئەتوانیت وێنەکان ببینیت بێ هیچ پرۆگرامێک، بەڵام کەمترین دەستکاری ئەکرێت. لێرە مەبەستمان لەوە نییە ڕێگات نەدرێ دەسکاری بکەیت بەڵکۆ مەبەست لە نەبوونی زانیاری پێویستە لەگەڵ وێنەکە.

 

 

کیونێت(Qnet)

قسەکردن لەسەر ئەم جۆرە بازرگانیە زۆر بێزار کەرە چونکە زۆر جار هەست ئەکەیت بۆ دار و بەردی ئەکەیت، ئەوانەی تووش بوون ئیتر گوێناگرن هەنێکیان لە نەزانی و ئەوانی کە خۆشیان ئەزانن بەڵام بۆیی ئەو پارەیەی خەرجیان کردووە لە بەشداری کردن چنگیان کەوێتەوە ناچارن قۆڵی هاوڕێ و خزم و کەسیان ببڕن. لێرە بەناچاری باسی کیونێت ئەکەمەوە هەرچەندە پێشتر بەگشتی باسی نێتۆرک مارکێتینم کردووە لێرە، بەڵام رۆژانە هەنێک هاوڕێ داوایان لێ ئەکرێت بەشداری بکەن بۆیە ڕوونکردەنەوەی جیا لەوەی پێشوو کە تایبەتە بە کیونێت هەرچەنە جیاوازیەکی زۆریان نییە لە بنەچەدا گەر کەسێک بزانێت وەن کۆین سکامە ئەزانێت کە ئەمانەش هەمان ناواخنیان هەیە  بە فۆرمی جودا.

Qnet چییە: 

کیون نێت کۆمپانیایەکی بازرگانی فرەئاستە(multi level) لە هۆنگ کۆنگ دامزراوە لە ژێر ناوی(QuestNet) خاوەنداری ئەکرێت لە لایەن گروپی QI.

سیستمی هەڕەمی و باینەری:
گەرەترین درۆ کە بەو کەسانە ئەوترێ ئەوەیە ئەم سیستمە هەڕەمی نییە و باینەریە، تەنانەت زۆرێک لەوانەی ڕەخنەش لە کیونێت ئەگرن پێیان وایە سیستمی باینەری و هەڕمی تەواو جودان، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازی زۆر کەم یان هەیە و هەردووکیان هەڕەمین بە دوو شێوەی جیاواز، هەرچەنە ئەگەر کۆمپانیایەک وەک کیونێت قۆڵی خەڵک نەبڕێت ئەوە سیستمی بازرگانی فەرەئاست/باینەری بوارێکی بۆ گەڕانەوەی بەشێکی ئەو پارەیەی بۆ کڕینی کاڵا سەرفت کردووە هێشتۆتەوە لە ئەگەری ساغ نەبوونەوەیان، زیاتریش ئەم جۆرە بازرگانیە هەر کۆمپانیا قۆڵبڕەکان بەکاری ئەهێنن بۆ هەڵخڵەتاندنی بەشداربووەکانیان.

هەردووکیان سەرێک هەیە لەسەرەوە کە پشت بەوانەی خوار خۆی ئەبەستێت بۆ هێنانی کەسانی نوێ و ڕیکلام کردن.

جۆری یەکەم جگە لە ریکلام کردن بۆ ئەوەی پارەکەیان بەدەست بهێنەوە ئەبێت کەسانی کە بێنن، ئەم جۆرە سیستمە لە ئەمەریکا و کەنەدا پێی ئەوترێت سیستمی هەڕەمی و کەسێک ئەم کارە بکات تا ٥ ساڵ زیندانی ئەکرێت.

جۆری دووهەم کە پێی ئەڵێن باینەری ئەگەر قۆڵبڕین نەبێت ئەوە کەسی بەشدار کۆمەڵە کاڵایەکی پێ ئەدرێت تا ساغی بکاتەوە و ئەگەر بۆی نەفرۆشرا لە ٪٨٠ پارەکەی بۆ ئەگڕێننەوە و کاڵاکانی لێ وەرئەگرنەوە. کیو نێت بەم جۆرەیە؟ بەدڵنیایەوە نەخێر، تەنها سەنتێکیش وەرناگریتەوە و هیچ کاڵایەکت پێ نادرێت جگە لەو کاتژمێرە یان هەر کاڵایەک کە بۆ بەژداری کردن ئەی کڕیت بە پارەیەکی زۆر کە نرخی ڕاستەقینەی کاڵاکە نییە، کاری تۆ ئەوەیە خەڵک بهێنیت کەواتە لە ٪١٠٠ سیستمی هەڕەمییە لەو جۆرەی کە هیچ بوارێکی بۆ دەرباز بوون نییە جگە لە قۆڵبڕینی خەڵکی کە تا بەشێک لە پارەکەت دەست بکەوێتەوە.

مەترسییە کانی سیستمی هەڕەمی چین؟

ئەم سیستەم شتێکی نوێ نییە لەپێش دروستبوونی ئینتەرنێتەوە بوونی هەبووە، کرۆکی ئەم سیستمە تەواو نزیکە لە قۆڵبرین یان سکامەوە.  ئەم سیستمەی ئەمان کاری لەسەر ئەکەن باینەریە واتا کەسێک لەسرەوە پاشان دوو کەسی کەو بەهەمان شێوە بۆ ئەوانی کەش.

١. سەرە سەرکیەکانی هەڕەمەکە هەرگیز زەرەر ناکەن چونکە وەهم ئەفرۆشنەوە، تەنانەت پارەش لە ڕیکلام کردن بۆ وەهمەکەیان سەرف ناکەن. بەتەواوی پشت ئەبەستن بەوانەی خوار خۆیان بۆ پەیداکردنی کڕیار بۆ وەهمەکەیان.
٢.  هۆکاری ئەوەی کە ئەتوانن پشبەستن بەوانەی خوار خۆیان ئەوەیە کە هەرکەس ناچالاک بێت پارەکەی ئەفەوتێت کە بۆ بەشداری کردن داویەتی بۆیە بە ناچاری ئەکەونە ریکلام کردن و هەوڵدان بۆ پەیداکردنی کەسانی کە تا پارەکەی خۆیان چنگ بکەوێتەوە بەم شێوازە ئەوانەی خوار ئەمانیش هەمان هاوکێشە بەشێوەیەکی سەختر بەسەریاندا جێبەجێ ئەبێت بۆ دەستکەوتەنەوەی پارەکەیان ئەبێت کەسانی کەبیێنن.
٣. بەشێک لەمانە پارەیەکی باشایان دەست ئەکەوێت کەلەسەرەتاوە بەشداربوون بەڵام لەسەر حسابی ئەوانی خوارخۆیان نەک کۆمپانیاکە کە کاتژمێرێک یان هەر شتێکی دیکەی ناماقوڵیان لێ کڕیوە بە پێچەوانەوە ئەوانەی زۆرترین خەڵکیان تووشی ئەم کارەساتە کردوە کەتەواو لە نەخۆشی شێرپەنجە ئەچێت هەیکەلەکەی گەورەترین قازانجیان بە کۆمپانیا گەیاندووە زۆرترین پارەیان بۆ پەیدا کردوون بە بێ ئەوەی کۆمپانیاکە یەک دۆلاری یابێتنێ یان سەرف کردبێت سەدان هەزار دۆلاری پێ پەیا کردوون  بۆنەسێکی کەمی یاونەتێ.
٤. هاوسەنگ کردنی باڵەکان یەکێکی ترە لە فێڵەکان، ئەگەر باڵێکت بەشداربووەکانی ناچالاکبن باڵەکەی کەت چالاکبن ئەوە کۆمپانیا کە حساب بۆ باڵە ناچالاکە کە ئەکات ئەو قازانجی خۆی وەرئەگرێت و کەمترین بۆنەس ئەیات بەتۆ.
٥. درووست کردنی کێشەی کۆمەڵایەتی، ئەمانە بە جۆرێک ئەکەونە پەیوەندی کردن و داوای بەشداری لە هاوڕێ و کەسەکانیان زۆرجا ئەبێتە هۆی تێک چوون و پچرانی پەیوەندی، من بەش بەحاڵی خۆم هاوڕێی ئازیزم لێ زویربووە بۆم ڕوونکردۆتەوە من بەشداری ناکەم ئەمە فێڵە ئەمە زیانی هەیە بەڵام کۆڵی نەیاوە دواتر خۆی زویر کردوە.

وتە هەمیشەدووبارەکان:

ئەوکەسانەی تووشی ئەم کارەبوون کۆمەڵەی دێڕێک دووبارە ئەکەنەوە کە کەسێک پێشتر قسەی لەگەڵ یەکێکیان کردبێت ڕاستەو خۆ ئەیان ناسێتەوە.

وەک:

ئێستا چ ئیشێک ئەکەیت؟ مووچەت باشە؟

 

ئیشێکی باشم بۆ دۆزیویتەوە ئیشی نیتۆرکە.

 

تۆ وەرە تەنها دوو کاتژمێر لە کاتی خۆتم پێ ببەخشە، بەدڵت نەبوو بەشداری مەکە.

 

١٧ وەرەقە چییە بە یەک مانگ چوار ئەوەندە پەیا ئەکەیت، تۆش قەرزی کە! من لە فڵان کەسمم قەرز کرد. بیانوو مەدۆزەرەوە

چۆن بیان ناسیتەوە:

سەرتا من وەک خۆم پێم باش نییە لە هیچ سیستمێکی فرە ئاست بەشداری بکەیت چونکە ئەوانەشی کە بەشێک لە ڕاستیان تیایە زۆرترین کات، وزەت ئەبەن، زۆرکەم و دەگمەنن لێرە من نەمبینیوە تائێستا هەروەها ئەبێت کەسێکی بەتوانابیت لە بڕواهێنان بە بەرامبەر بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکەت، بەڵام لە خوارەوە کۆمەڵێک زانیاری ئەخمە ڕوو بۆ جیاکردنەوەی قۆڵبڕەکان و جۆری یەکەم.

١. ئەوانەی بەڕاستی کار ئەکەن پارەیەکی کەم بۆ بەشداری کردن وەرئەگرن یان هیچ وەرناگرن جگە لە پارەی کۆمەڵە کاڵاکە.

٢. هەمیشە ئەو کاڵایانەی ئەیان کڕیت نرخیان کەمە تا بتوانیت ساغی کەیتەوە.

٣. لەکاتی نەفرۆشرانی بڕێکی پارەکە کە ٪٨٠ کەمتر نەبێت بۆت ئەگەڕێننەوە.

٤. هەمیشە داوای ئەوت لێ ئەکەن کە کاڵاکانیان بۆ بفرۆشیت زیاتر لەوەی خەڵکی نوێ بهێنیت.

٥. ئەگەر وتیان بە هێنانی خەڵکی نوێ پارە وەرئەگریت ئەوە دڵنیابە لەوەی کە ئەمە سیستمی هەڕەمییە.

لەکۆتاییدا کیو نێت بەڵێ لە ٪١٠٠ قۆڵبڕینە و هەڕەمیە، بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە بازرگانیانە ئەبێت فەرمانگەیەک هەبێت تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنیەکان کەسانی شارەزا کاری تیا بکەن، دەسەڵاتی وەستاندن و داخستنی ئەم جۆرە قۆڵبڕینەیان هەبێت.