یاری کردن بۆتە هۆی ئالودەبوون دابڕاندنی تاک لە ژیانی ئاسایی؟ (چاوپێکەوتن)

ساڵانی ڕابردوو ئەوانەی یاریان ئەکرد لە کوردستان بەژمارە ئەوەندە زۆر نەبوون کە سەرنجی خەڵک و میدیا بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، بەڵام بە هۆی وەشانی مۆبایلی PUBG یاریکردن بۆتە قسەوباسی رۆژانە، لەنوێترین پێشهاتدا حکومەتی عێراق نیازی قەدەغەکردنی ئەو یاریەی هەیە. وانیشان ئەدرێت هەرکەس یاری بکات لە ژیان دوائەکەوێت و ئەبێتە کەسێکی شکست خواردوو.

بۆ ڕوونکردنەوە ئەم باسە تێگەشتن لەوەی یاری چییە و ئایا ڕێگرە لە ژیان؟ گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆم  ئەکەم کە لە یاریەکی Battlefield 3  لە ساڵی ٢٠١٢ یەکمان ناسی، چیرۆکی ژیانی و سەرکەوتنەکانی. سوپاس بۆ بەخشینی کاتی بەم چاوپێکەوتنە.

پرۆفایل

پۆلو تەها

خوێندکاری کۆلێجی پزیشکی گشتی.

پرسیار:

١. لە چ تەمەنێکەوە دەستت بەیاری کردن کرد و یەکەم ئامێری یاریکردنت چی بوو؟

پۆلو: سەرەتا کاتێک گەورەکان شەوانە کۆ ئەبوونەوە و یاریان ئەکرد و ئەو شەوەیان بە قسەی خۆش و پێکەنین بەسەر ئەبرد ئیتر جۆرێک لە تێڕوانینم بۆی هەبوو کە وەک هۆکارێکی خۆشی دەربڕين و کۆ کردنەوەی خۆشەویستان ئەمبینی لەگەڵ کات زیاتر و زیاتر جێی تێڕامانم بوو، وە کەمە کەمە ئەتاری و سیگام ئەکرد تا لە تەمەنی ۸ ساڵان بوومە خاوەنی PS1 ئیتر زیاتر بووە خولیایەک لام.

٢. چۆن هاوسەنگیت دروست کردووە لە نێوان ژیانی ئاسایی، خوێندن و یاریکردن؟

پۆلو: بە تێڕوانینی من مرۆڤ خۆی بەرپرسە کە چۆن هاوسەنگی بپارێزێت لەهەر بوارێکی ژیان هەرچییەک بێت نموونە لەسەر چۆنیەتی پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ژیانی ئاساییم و خوێندن و یاریکردن، من لە قۆناغی ناوەندی زیاتر یاریم ئەکرد بەڵام لەهەمان کات لەگەڵ هاوڕێکانم لە مەکتەب چالاکیمان هەبوو تەنانەت لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم گۆڤارێکمان دروستکرد بە ناوی دەستەی زرنگان وە کاتێکی زۆر خۆشمان بەسەر ئەبرد کە ئەشگەڕامەوە ماڵەوە پێش هەموو شتێک ئەرکی مەکتەبم ئامادە ئەکرد بۆ ڕۆژی دواتر پاشان کاتم لەگەڵ خێزانەکەم بەسەر ئەبرد دواتر یاریم ئەکرد تا و بەو شێوە بەردەوامبووم و توانیم پشتیوان بە خودا پلەی یەکەم بەدەست بهێنم لە هەر ۳ قۆناغی ئامادەیی.

٣. چۆن توانیت لە دوا قۆناغی ئامادەیی یاریکردن کەم کەیتەوە و نمرەی بەرز بەدەستبێنیت؟

پۆلو: لە قۆناغی ئامادەیی PS3 کری بەهۆی ئەوەوە ئاشنای ۲ هاوڕێی هەمیشەیی بووم لە مەکتەب کە یەکێکیان پزیشکی ددانە و ئەویتریان مامۆستایەکی سەرکەوتووە پێکەوە کۆششمان ئەکرد و لەهەمان کات پێکەوە بە شێوەی Online یاریمان ئەکرد وقسە کردنمان بەدرێژایی کاتی دەوام لەسەر کۆشش کردن و یاریکردن بوو بەس لە هەمان کات کاتەکانمان دابەش کردبوو کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگرنەبێت لە هاوڕێیەتی و کۆشش کردن و پەرەپێدانی تواناکانمان.

٤. بۆچوونت چییە لەسەر وەشانی مۆبایلی pubg و لەسەر قەدەغەکردنی یاریەک بە بیانوی ئالودەبوونی خەڵک؟

پۆلو: ڕاستی ئالوودەبوون شتێکی جدییە بەڵام بابەتی PUBG من بە شتێکی گاڵتە ئامێزی ئەزانم و وەک کارێک یەتە بەرچاو کە بە کەم ڕوانینە لە تاک لەو ڕووەی کە بێ ئیرادەن و توانای کۆنترۆڵی خۆیان نییە و بە هۆکارێکی ئاینی هەوڵی ئەوەبەن خەڵک دوور بخەنەوە لە کاتێک هەموو جۆرەکانی ئالوودەبوون پێویستی بە سەنتەری چارەسەر هەیە لە ڕێی ڕاهێنانەوە Rehabilitation تاوەکو هاوسەنگی بگێڕنەوە ژیانی ئەو کەسانە نەک خۆ دزینەوە لە ڕاستیەکان و لەبری چارەسەر پیان بڵێن ئێوە حەرامتان کردووە.

٥. تێڕاوانینی خەڵک چۆنە لەو کەسانەی یاری ئەکەن(Gamer)ن؟

پۆلو: تێڕوانینی خەڵک باش نییە زۆر هاوڕێم پێی عەیبەیە کەبلێت یاری ئەکەم چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمە وەک کارێکی منداڵانە و خراپ ئەبینرێت بەڵام تەنها خولیایەکە وەک وێنەکێشان ، شطرنج ، کتێب خوێندنەوە ، نێرگەلە کێشان و سەردانی کافتریاکان … هتد ،وە ئەڵێن کە باش نییە بۆ تەندرووستی بەڵام لە لایەکیتر کۆڵانی شار نییە کافتریایەکی لێ نەبێت بۆ نێرگەلە کێشان و ئاساییە، گەنج بە کارێکی مناڵانەی ئەزانێت یاری بکات بەڵام شانازی ئەکات کە چەند ئەڵقە بە نێرگەلەکەی درووست ئەکات هۆکاری ئەم بیرکردنەوانە وێنەی کۆمەڵگەی ئێمەیە، هەر شتێک کە مەجالی ئەوەی هەبێت زیادە ڕۆیی تیا بکرێت باشتر وایە ناوەند هەڵبژێریت تا زیانت لێ نەیات (بە ڕای من)

هەرشتێکی کە پێت خۆش بێت باسی بکەیت؟

پۆلو: من یاریکردن سوودێکی زۆری پێ گەیاندم و فێری زمانی بیانی بووم و کەسانێکم ناسی کە لە دیوێکیتری زەوین و ئاشنای کلتور و هەڵسوکەوتیان بووم وە هەروەها ئاشنای کردم بە چەند هاوڕێیەک کە وەک کتێبێکی جوانی کراوە وابوون و شتی زۆریان لێ فێربم بۆ ژیانی خۆم، زۆر سوپاس بۆ تۆ کاکە دابان کە یەکێک بوویت لەو کتێبە جوانانە هیوادارم ڕۆژێک ئەو ستیگمایە نەمێنێت کەپێی ئەڵێین Gaming لەبری ئەوە وەک وڵاتان بیر بکەینەوە کە سوود لەم تەکنەلۆژیایە وەرگرین لە بوارەکانی ژیان کەبەردەوام لەگەشەدایە.

 

 

گوگڵ ستەیدیا

ستەیدیا دەروازەی گوگڵە بۆ چونە ناو جیهانی یاری، بەڵام تەواو جیاواز لە مایکرۆسۆفت و سۆنی پشت ئەبەستێت بە ڕاژەکارەکانی خۆیان کە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دانراوە.

هەموو ئەو کەسانەی کە لەسەر هێڵ یاریان کردبێت ئەزانن کە گەورەترین کێشە (پینگ)ە بۆ یاری کردن تا زیادبکات کردەکان دەرنگتر بەتۆ ئەگەن کە ئەبێتە هۆی ئەوەی هەم یاریکردنت تووشی پچڕانی کورت بێت، زۆر جاریش لای تۆ دەرنگتر ڕووداوەکان دەرئەکەون، ئەگەر دووکەس تەقە لەیەکتر بکەن لە یاریەکەدا ئەوەی پینگی کەمە کاتی کەمتر پێویستە بۆ لەناوبردنی کەسی دووهەم کە پینگی بەرزە.

گوگڵ وای نیشان ئەدات کە ئەم کێشانەی چارە کردووە، بەدامەزراندنی ڕاژەکار لە زۆربەی جیهاندا و نزیکردنەوەی لە بەکاربەر، هەروەها ڕاستەوخۆ گرێدانی بەکاربەر بە سێرڤەرکانی گوگڵەوە.

لە ئێستادا گوگڵ سەرقاڵی دامەزراندنی ستۆدیۆیەکی تایبەت بەخۆیەتی بۆ درووستکردنی یاری، هەروەها هەریەک لە بزوێنەرەکانی یونتی و ئەنڕیەڵ ئینجن، پشتگیری ئەکەن، بۆ ڕاژەکاریش لینوکسی هەڵبژاردووە.

بۆ بۆ گرافیک کارد لەگەڵ کۆمپانیای AMD ڕێککەوتوون تا چیپێکی(تەڵەزم)ی تایبەتیان بۆ درووستکات بە توانای ١٠.٧ تێرافلۆپ.

بڕیار وایە لەم ساڵدا بڵاو بکرێتەوە و پێ ئەچێت بە بەشداری کردنی مانگانە بێت نەک کڕینی هەریاریەک بە جیا.

سەرنجی خۆم:

پێم وانییە بتوانێت جێگای کۆمپیوتەری تایبەت بە یاریکردن و کونسوڵی تایبەت بەیاری بگرێتەوە. ئەستەمە خاوبونەوە ڕوونەدات لە یاریکردن بەسەرهێڵ، چونکە ئەگەر یاریەکی وەک باتڵفێڵد وەربگرین کە ٦٤ کەس لە دوو تیمی ٣٢ بە ٣٢ یاری ئەکەن، تەواوی نەخشەکە یارای ڕووخاندن و گۆڕان کاری هەیە دەیان تانک و فڕۆکە لە هەمان کات دا چەندین گولە تەقاندن و ڕووخاندن، کارێکی ئەستەمە ڕاژەکار بتوانێت سەرجەم ئەم کارانە بۆ سەرجەم  یاریکەرەکان لە هەمان کاتدا پەخشکاتەوە بێ هیچ خاوبونەوەیەک. لەکاتێکدا ئێستا هەرکەس خاوەنی ڕەقەکاڵای خۆیەتی و کاری ڕاژەکار تەنها پەخشکردنەوە ڕووداوەکانە بەسەر سەرجەم یاریکەرەکاندا بەڵام خاو بوونەوە هەر ڕووئەدات، ئەوانەشی پینگ یان بەرزە دەرنگتر ڕووداوەکانیان پێ ئەگات. بەهەڵبژاردنی لینوکس وەک سێرڤەر هیچ یاریەکی ئێستا کە بۆ ویندۆز بەردەستە لەسەر ئەم سیستمە کار ناکات، بەڵام ئەمە ئەکرێت یارمەتی دەرێکی باش بێت بۆ زۆربوونی ئەویاریانەی لەسەر لینوکس کار دەکەن.
بۆچوونی تۆ چییە؟

یاریە نوێکەی هیدیۆ کۆجیما ڕەنگە بڵاوکردنەوەی دواکەوێت

دوای جیابونەوە کۆجیما لە کۆمپانیای کۆنامی و دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نوێ و ڕێکەوتن لەگەڵ سۆنی بۆ بەرهەم هێنانی یاریەکی نوێ و جیاواز، کۆجیما وای دەرئەخست کە لە کۆتای ساڵی ٢٠١٩ یاریکە(Death Stranding) بڵاو بکرێتەوە، بەڵام وادیارە بەرهەم هێنانی کەمێک دواکەوتبێت. بەردەوام بە لە خویندنەوەی یاریە نوێکەی هیدیۆ کۆجیما ڕەنگە بڵاوکردنەوەی دواکەوێت