هاوڕێکەت زیاتر دەتناسێت؟ یان مەکینەی گەڕانەکەت؟

ئایا دەزانیت ڕۆژانە بە تەنها مەکینەی گەڕانی گووگڵ وەڵامی زیاتر لە ٣.٥ ملیار پرسیار دەداتەوە؟ ڕێژەیەکی یەکجار زۆرە وایە؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە خوودی بابەتەکە نیە، دەمەوێت بیر لە شتێک بکەینەوە و گریمانەیەک بکەین، ئەگەر مەکینەکانی گەڕان یان تەنانەت هەر تەکنەلۆجیا نەبووایە، لە ڕاستیدا ڕۆژانە لەسەر زەوی هەموو ئەم پرسیارانە دەکران؟ ئێمە دەڵێین گریمان ٣.٥ ملیار پرسیاری تەواو بەبێ زیاد و کەم دەکرێن، دەشڵێین گریمان هەر دانەیەک لەو پرسیارانە لەلایەن مرۆڤێکەوەیە، گەر مەکینەکانی گەڕان نەبوونایە، ئایا ئێمە هەموو ئەو پرسیارانەمان لە مرۆڤەکانی تر دەکرد؟ واتە کەسە نزیکەکانمان یاخوود تەنانەت ئەو کەسانەش کە پێمان وایە (بێسنوور) متمانەمان پێیان هەیە؟ من لە ڕاستیدا دەڵێم نەخێر، ئەو ژمارەیە لە پرسیارکردن لە ڕۆژێکدا ئەنجام نەدەدرا. باسی دەکەین بۆ!

ئێمە هەمیشە باسمان لە مەترسی کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن کۆمپانیا تەکنەلۆجیە زەبەلاحەکانەوە کردووە، باسمان کردووە کە چەند مەترسیدار دەتوانن بەسوود وەرگرتن لە ژیانی تایبەتیمان، کێشەمان بۆ بنێنەوە و کاریگەری دەروونیمان لەسەر جێ بهێڵن، هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕاین وایە؟ بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیربێت، هەمیشە ئێمەی مرۆڤ بەشێکی زۆر بچووکمان لە یادگەماندا تەرخان کردووە بۆ کۆمەڵێک نهێنی و بابەتی تایبەتیمان، کە دڵنیاین ناشێت و ڕێگەی تێناچێت هیچ کەسێک لەسەر ئەم زەویە بیزانێت، لە ڕاستیشدا هەموو مرۆڤێک وایە، واتە ئێمە چەندە لە یەکتر نزیک بین بەڵام بەشێک هەیە لەناو یادگەمان دا، کە تەنانەت نزیکترین کەسمان نایزانێت، بێگوومان لەبەر ئەوەی زۆر تایبەتن، بەڵام ئایا مایەی ترس نییە کە لە ڕاستیدا مەکینەکانی گەڕان، بە تەواوی ئاگاداری ئەو بەشەبن و بزانن چی تێدایە؟

لێرەوە ئیتر گریمانە نیە، چونکە بابەتێکی ڕاستەقینەیە، بەڕاستی مەکینەکانی گەڕان وەکوو گووگڵ دەزانن کە چی لەو بەشەدا هەیە، نەک لەبەر ئەوەی توانایان هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمان پێیان دەڵێین، هەر بە خێرایی دەتوانیت تەنها بنووسیت چۆن دووربکەومەوە (How to avoid) دەبینیت کە گووگڵ دەیان و سەدان پێشنیارت بۆ دەکات، بۆ نموونە:
چۆن دووربکەومەوە لە بیرکردنەوەی زیاد لەپێویست؟ (?How to avoid overthinking)
چۆن دووربکەومەوە لە دووگیان بوون؟ (?How to avoid pregnancy)
چۆن دووربکەومەوە لە خەمۆکی؟ (?How to avoid depression)
چۆن دووربکەومەوە لە ئاڵودەبوون بە پ#رن؟ (?How to avoid p#rn addiction)

ئەمانە و هەزاران پرسیاری تر ئاڕاستەی گووگڵ و تەواوی مەکینەی گەڕانەکانی تر کراون، هەموومان دەزانین ئەمانە پرسیارێکن کە بەڕێژەیەکی گشتی لە کەسی بەرامبەر ناکرێن، ئەگەرچی لە وڵاتانی تر چارەسەرکەری دەروونی١ (Therapist) بەردەوام سەردانیان دەکرێت و سوودیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام هێشتا لەلای ئێمە ئەوە زۆر نامۆیە و خەڵکی ناتوانن سەردانی پزیشکە دەروونییەکان بکەن و ئاڵۆزییەکانی خۆیان باسبکەن.

لەم بابەتەوە باسێکی تر دێتە پێشەوە، ڕەنگە هەمیشە پرسیارمان لەبارەی ئەوەوە لێبکرێت، کە ئاخۆ لە کەیەوە هەژماری گووگڵمان درووست کردووە؟ یاخوود لە کەیەوە هەژماری فەیسبووکمان درووست کردووە؟ فەیسبووکیش لەلای هەژمارەکەت بۆی نووسیوویت، هەروەها ساڵانەش ڤیدیۆیەکت بۆ ئامادە دەکات و سوپاست دەکات کە لەگەڵیان بەردەوامیت، لە ڕاستیدا ئەگەر بڵێیت من هەژماری فەیسبووکم ساڵی ٢٠١٠ درووست کردووە، بابەتەکە تەنها ئەوەنییە، بەڵکو مانایەکی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە فەیسبووک زانیاری و ژیانی تایبەتی ١١ ساڵی تۆی زەخیرە کردووە، گووگڵیش بەهەمان شێوە، دەزانێت ١١ ساڵە تەماشای چی دەکەیت لە یوتیوب، هەڵبەت گەر هەژمارەکەت ساڵی ٢٠١٠ درووست کردبێت، گووگڵ لە هاوڕێکانت و هاوسەرەکەت و خێزانەکەت باشتر دەزانێت ئارەزووی چ موزیکێک دەکەیت، لە داهاتووشدا دەزانێت، چونکە بە درێژایی ١١ ساڵ بە دڵنیاییەوە خووڕەوشتی تۆ گۆڕدراوە، یان ڕەنگە کەسێکت بەلاوە گرنگ بێت و بەردەوام سەردانی هەژمارەکەی بکەیت، لەڕاستیدا نە ئەو کەسە دەزانێت نە هیچ کەس، بەڵام فەیسبووک دەزانێت، وایە؟ ئایا ئاساییە؟

لە ڕاستیدا بابەتەکە قوڵە و ئەوەش دەهێنێت بیری لێ بکەینەوە، تەکنەلۆجیا و خزمەتگوزارییەکانی بەردەستمان فراوانتر ببینین و لە هەموو دیوەکانی بڕوانین، ناکرێت بڵێین تەکنەلۆجیا بەکارناهێنین، یاخوود واز لە گووگڵ دەهێنین چونکە دەزانین کە ئەوە ناکرێت، بەڵام خوودی بابەتەکە ئەوەیە کە داتا و زانیاری زۆر بەڕاستی مەترسیدارە، ئەم زانیاریانە کۆدەکرێنەوە و دەبنە سەرووتر لە زانیاری (المعرفة) (Knowledge) زیاتر و زیاتریش دەڕوات، تا دەگاتە ئەوەی کاری مەحاڵی پێ ئەنجام بدرێت، دەتوانن بڕواننە زنجیرەی گەشەپێدەرەکان (Devs)٢ کە داتا و زانیاری بێشوومار لەناو کۆمپیوتەرێکی کوانتەمیدا چی لێوە پەیدا دەبێت؟ دواتر ئەو سیستەمە دەتوانێت چی بکات؟

تێگەیشتنی کۆتایی بابەتەکە لە دوو خاڵدا ڕادەگرین، یەکەم لە ئاستێکی باڵاتردا لە تەکنەلۆجیا و کۆکردنەوەی زانیاریەکان و گرنگییان لای کۆمپانیاکان بڕوانین، چونکە وەکوو وتمان مەترسیدارن، دووەم هەندێک پرسیار و گفتووگۆش لەگەڵ کەسە نزیک و ئازیزەکانتدا بکە، ڕەنگە بەشێکی زۆری پرسیارەکانمان، کەسە نزیکەکانمان باشتر لە گووگڵ بتوانن وەڵامی بدەنەوە، لەڕاستیدا خاڵی دووەم دوورە لە تەکنەلۆجیاوە، بەڵام دەبێت لەیادمان بێت، لە بابەتی هەست و سۆز و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا تەکنەلۆجیا کارێکی باشی ئەنجام نەداوە، وەکو پێشتریش باسمان کردووە بە هۆکاری کۆمپانیا بازرگانییە زەبەلاحەکان و خراپ تێگەیشتنی خۆشمان بەهەمان شێوە. لەبەر ئەوە پێویستە تێبگەین کە ئەو کاتەی هەمانە سنووردارە و لەگەڵیشیدا بینین و هەست و سۆزەکانمان بۆ کەسانی چواردەورمان پەیوەستە بە بوونی ئێمە و ئەوانیشەوە، بۆیە بەسەربردنی کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەتدا، بەبێ مۆبایل و تابلێت و کۆمپیوتەری باوەشەکەت، لە کارێکی باش دەچێت.

ژێدەرەکان:
١ چارەسەرکەرە دەروونیەکان، لەڕاستیدا لە بواری دەروونی و تەندرووستیی دروونیدا پسپۆڕیان بەدەست هێناوە، دەکرێت دابنیشیت و تەنها قسەیان بۆ بکەیت، کە هەست بەچی دەکەیت و بیر لەچی دەکەیتەوە، ئەوان هاوکارت دەبن کە کێشە دەروونیەکانت چارەسەربن و دوور بکەویتەوە لە دڵەڕاوکێ و پەستانی دەروونی، زیاتر بخوێننەوە.

٢ بینەری نوانەی زنجیرەی گەشەپێدەرەکان (Devs) بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.