شەکرۆکە پشتگوێ بخە، هاوڕێیەتی دروست بکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت

جیهان بەرەو پەسەند نەکردنی شەکرۆکەکان دەڕوات و هەمووان بە گرنگییەوە لە بابەتی پاراستنی زانیارییەکان دەڕوانن، تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان سەدان جار پرسیارییان لە بارەی کارە ناڕەواکانیانەوە لێکراوە، کاتێک پێشێلی مافەکانی بەکارهێنەریان کردووە.

ئەوەی بابەتەکە دروست دەکات، کۆمپانیا و کۆمەڵەکانی پشت وێبگەڕە دیار و بەناوبانگەکانی جیهانن، وەکو گووگڵ و ئەپڵ و مۆزیلا و چەندین لایەنی تریش کە لە کرۆمیۆمەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە ڕێگا دەگرن لە شەکرۆکەکانی لایەنی سێیەم، لە شوێنکەوتنی بەکارهێنەران و زەخیرەکردنی زانیارییەکانیان و بەکارهێنانەوەی لە چەندین بەرهەم و خزمەتگوزاریی تر، هەرچەندە گووگڵ دواتر بڕیاری دواخستنی ڕێگریەکەی دا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ ئەوە ڕێگای تریش بوونی هەیە کە فەیسبووک دوای گۆڕانکارییەکانی ئەپڵ هەنگاوی بۆنا، گۆڕانکارییەکانی ئەپڵ و بڕیارەکانی ئەو کۆمەڵانەی پەرە بە وێبگەڕەکان دەدەن، سستی و ناچوستی خستە بزوێنەری پیکسڵ کە کاری دەکرد بۆ گەڕاندنەوەی زانیاریی بەکارهێنەران لە وێبگەڕ و ئامێرەکانەوە، بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی زانیارییەکان لە بەڕێوەبردنی بانگەشەکانی فەیسبووک، بەڵام (Conversion API) کە فەیسبووک بە چارەسەری ئەو ڕێگریانەی دەزانێت، ڕاستەوخۆ زانیاریی بەکارهێنەران لە ماڵپەڕ و خزمەتگوزارییەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ ڕاژەکانی فەیسبووک، بەبێ هیچ لایەنێکی تر لەو نێوانەدا، ڕەنگە لە داهاتوودا ‌یەکێتی ئەوروپا یاخوود ئەو دەزگایانەی بۆ پاراستنی زانیارییەکان کار دەکەن، ڕێگری لەوەش بکەن، بەوەی بەکارهێنەر سەربەست بکرێت زانیارییەکانی ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ فەیسبووک یان نا.

کاتێک بەربەست لەسەر ڕێگایەک دروست دەکرێت، لە ڕاستیدا شوێنی مەبەست کە دەتەوێت بۆی بڕۆیت هەر وەکو خۆیەتی، تەنها یەک ڕێگا گیراوە کە بەرەو ئامانجەکە دەڕوات، بەڵام لە جیاتی بازدان بەسەر بەربەستەکەدا، ڕێگایەکی نوێ بگریتەبەر ژیرانەترە!
ئەمەش هەمان بیرۆکەیە لەو بڕیارانەی دێنە پێشەوە بۆ ڕێگری کردن لە کۆکردنەوەی زانیاریی بەکارهێنەران، کاتێک بەربەست دروست دەکرێت لە بەرانبەر کۆکردنەوەی زانیاری و تایبەتمەندیی مرۆڤ، ژیرانەترە ڕێگایەکی تر بگریتە بەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت، کە سەرکەوتنە لە بوارەکەی خۆتدا، وەک لەوەی ڕێگایەکی تر بگریتە بەر بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و تایبەتمەندیی بەکارهێنەرەکانت، دەبێت بزانین ئێستا لە جیهاندا و بەتایبەتیش وڵاتە پێشکەوتوەکان، پاراستنی زانیارییەکان و مافی بەکارهێنەر، بابەتێکی هەستیارە و هەروا بە ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بۆیە گرتنەبەری ڕێگایەکی تر بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی کەسانی چواردەورت، لە کەسایەتیت کەمدەکاتەوە و درەنگ یان زوو ئەو ڕێگایەش دادەخرێت.

ئەو بابەتانەی کارگێڕیی فەیسبووکی جاران و مێتای ئێستا دەیهەژێنن، لەوەی ڕێگرییەکانی ئەپڵ و کۆکردنەوەی زانیاریی بە ئارەزوومەندانە لەلایەن بەکارهێنەرەوە، کاریگەریی خراپی خستۆتە سەر بازرگانییە بچووکەکان، کە قسەکە تەواوە و ڕێگری کردن لەوەی فەیسبووک زانیاریی کۆبکاتەوە کاریگەریی لە بزوێنەری بڵاوکردنەوەی بانگەشەکەی دەکات، کەمپینەکان پێویستیان بە پارەیەکی زیاترە و ئەنجامەکانیش تەواو و دروست نابن، هەڵبەتە ئەمە کاریگەریی لە گووگڵیش دەکات، بەڵام گووگڵ کەمتر ڕوو لەو بانگەشانە دەکات، بۆ جوڵاندنی هەستی خاوەنکارەکان، چونکە گووگڵ لە پشت ئەندرۆید و کرۆمیۆمەوەیە و دەبێت ئەگەر تەنها بۆ پاراستنی کەسایەتی خۆشی بێت، باس لەوە بکات کە پاراستنی زانیاریی بەکارهێنەران لەناو سیستەمەکانیدا گرنگە.

ئەگەر من ڕێنمایی خوێنەران و کەسانی چواردەورم بکەم، کە خاوەنی کاری خۆیانن، بەتایبەت خاوەن کارە بچووکەکان، دەڵێم لە ڕاستیدا ئەو بڕیارانە مایەی خۆشحاڵییە، جا ڕێگری کردن لە شەکرۆکەکانی لایەنی سێیەم، یاخوود ڕێگری کردنی سیستەمەکانی کارگێڕی لە شوێنکەوتنی بەکارهێنەران لەلایەن بەرنامە بەکاربەرییەکانەوە، دەمەوێت ئەوە بزانن کە فەیسبووک و گووگڵ، لە ڕێگای سیستەمەکانی بەڕێوەبردن و بڵاوکردنەوەی بانگەشەوە کە چەندین ساڵە وەگەڕیان خستووە، خاوەنکار و بازاڕدۆزی تەمبەڵ و لاوازیان دروست کردوە. ئەگەر حەز بە خوێندنەوە و بەدواداگەڕان دەکەن، لە زانستەکانی بەڕێوەبردنی پەیوەندیی کڕیار و (Social IMC) بخوێننەوە، ئەو کاتە تێدەگەن کە پشتبەستنی تەواو بە درێژایی چەندین ساڵ بە کۆمپانیاکانی وەکو فەیسبووک و گووگڵ بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەشەکانت، بە خراپە دەشکێتەوە بەسەر بەرهەم و خزمەتگوزاری و داهاتووی کارەکەت، یاخوود من پێی دەڵێم (بەکرێ گرتنی پەیوەندی)

چاکترین کار کە خاوەن کار و کارسازەکان ئەنجامی بدەن، بریتییە لە بەهێزکردنی سەرچاوە مرۆییەکانیان بە زانست و زانیاریی بەردەست، ئەو کاتە دەتوانن پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە و کەسانی چواردەوریان دروست بکەن، بەبێ لایەنی سێیەم، بەبێ شەکرۆکە و شوێنکەوتنی بەکارهێنەران. سود لەم جیهانە بێ شەکرۆکەیە وەربگرە بۆ دروستکردنی پەیوەندی، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێز و پاراستنی ماف و کەسایەتی چواردەورت، ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ کڕیارەکانتدا دروست بکەیت، لە کۆتاییدا دەبیتە هاوڕێ و هاودەمی بەکارهێنەرەکانت، قسەیان لەگەڵ دەکەیت و قسەت لەگەڵ دەکەن.

بەڵام کاتێک فەیسبووک یاخوود گووگڵ پێت دەڵێن، پیرۆزە کەمپینەکەت بە بڕی 500$ تەواو بوو، بانگەشەکانمان گەیاند بە 500,000 کەس. هەرگیز پرسیارت کردووە ئەو 500,000 کەسە کێن؟ لە کوێن و چیان پێویستە؟ تا چەند تۆ گرنگیت بەلای ئەوانەوە؟ چ کێشەیەکیان هەیە و پێویستە تۆ چارەسەری بکەیت؟

بابەتەکە لەوە زیاتر هەڵدەگرێت، ئارەزوو دەکەم بەشداری تێدا بکەن و بۆچوونەکانی خۆتان بنووسن، کە دەکرێت لێرە یاخود لە ئەڵقەیەکی پۆدکاستدا گفتوگۆی لەسەر بکەین.

 

 

2 وەڵام بۆ “شەکرۆکە پشتگوێ بخە، هاوڕێیەتی دروست بکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت”

  1. بەکاربەرانی ئەو ڕێکلامەکانەی کە پشت بە شەکرۆکە و بە ئامانج گرتنی ڕاستەوخۆی بەکاربەرانی خزمەتگوزارییەکە (یوتیوب/فەیسبووک) دەبەستن خۆیان ڕق و قێزێکیان هەیە بەرامبەر ئەو جۆرە ڕێکلامانە کاتێک خۆیان بە ئامانج دەگیرێن، بۆ نموونە کە دەبێ چەند چرکەیەک بووەستن تا ڕێکلامێک تەواو دەبێت بۆ سەیرکردنی ناوەڕۆکێک. بەڵام کاتێک خۆیان کاریان دەکەوێتە سەر ئەو جۆرە ڕێکلامانە، بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆیان ڕازی دەکەن کە چیتر بەوجۆرە نەبن و ئاسوودەبن لە بە ئامانجگرتنی خەڵکیدا، کێشەیەکی ئەخلاقی و بەرپرسیارییەتی هەڵنەگرتنە، پێویستی بە هۆشیارکردنەوە و فێرکردن هەیە. لە ڕۆژئاوا هەوڵێکی زۆر هەیە لەو بارەیەوە بەڵام بە داخەوە ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەو هەموو قەیرانانەی هەیەتی بە گشتی لە هەموو ڕووەکانەوە زۆر لە دواوەیە، لانی کەم ئێمە ئەتوانین بەشێک بین لەو هەوڵە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.