WordPress.org و WordPress.com چین و جیاوازییەکانیان چییە؟

لەم بابەتەدا ڕوونکردنەوە و بەرچاوڕوونییەک لە بەناوبانگترین و بەهێزترین سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک (Content Management System) باس دەکەین، کە ئەویش وۆردپرێسە، لە ڕاستیدا ئەم بابەتە بۆ ئەوە نییە کە باسی بکەین وۆردپرێس چییە و چۆن درووست بووە و چۆن کار دەکات، دەتوانیت لێرەوە زانیاری زیاتری لەسەر بزانیت، ئەم بابەتە بۆ ئاستی سەرەتایە و هەمیشە بەر گوێمان کەوتووە، ئەو کەسانەی نوێن و دەیانەوێت بە وۆردپرێس و درووستکردنی ماڵپەڕ و بڵاگ ئاشناببن، ئەم پرسیارانە دەکەن، کە ئەویش ئەوەیە ئایا جیاوازی چییە لە نێوانی WordPress.com و WordPress.org

هەر کاتێک بۆ یەکجاریش ئەم پرسیارانە بە خەیاڵتدا هاتبێت وەکو، چۆن ماڵپەڕێک درووست بکەم؟ چۆن بڵاگێک دابنێم؟ باشترین خانەخوێ (Host) کامەیە؟ چۆن بەبێ نووسینی هیچ کۆدێک ببمە خاوەن ماڵپەڕێک؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانە و سەدانی تری وەک ئەمە، بە دڵنیاییەوە ناوی وۆردپرێست بەرچاو کەوتووە، چونکە ئاستەمە بەرچاوت نەکەوێت، لە ڕاستیدا لە کاتی نووسینی ئەم بابەتە وۆردپرێس ٤٠% ی ماڵپەڕەکانی جیهانی پێ درووست کراوە، هەروەها زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس بەکاری دەبەن و گەشەپێدەران لە ٨١٧ شاری جیاوازی جیهانەوە بەشدارن لە پەرەپێدانی دا و زیاتر لە ٥٥٠٠٠ پێوەکراوی خۆڕایی و بە پارەی بۆ درووست کراوە، جگە لەوەش کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو ئۆتۆماتتیک (Automattic) خاوەن داریەتی دەکات.

کاتێک بە وۆردپرێس ئاشنا بوویت و ئارەزووی ئەوەت کرد کە ماڵپەڕێکت هەبێت، یەکەمین پرسیار کە لەلات درووست دەبێت ئەوەیە کە ئایا WordPress.com و WordPress.org چیین و چ جیاوازییەکیان هەیە؟ لەم بابەتەدا هەر یەکەیان باس دەکەین و جیاوازییەکانیان دەخەینەڕوو، هەروەها لایەنی باش و خراپییان و چۆنیش بڕیار بدەیت کامەیان بەکار بهێنیت؟

WordPress.org چییە؟

ئەمەیە کە بەربڵاوترین و بەناوبانگترینە، مایەی دڵخۆشی بەکارهێنانە، چونکە بەهێزە بە فەلسەفەی سەرچاوە کراوە و خۆشەویستی و یەکگرتن و ئاڵوگۆڕی زانیاری نێوان هەزاران گەشەپێدەر و تاقیکار و وەرگێڕ بەرهەمی هێناوە، ئەمڕۆ وۆردپرێس بە زیاتر لە ٦٠ زمانی جیهانییەوە و لەناویشیاندا زمانی کوردی بە هەردوو شێوازی کوردی ناوەندی و کوردی کرمانجی، بە هەوڵی چەندین خۆبەخشی ئەو بوارە بەردەستە و خۆشحاڵین کە ئەوەش یەکێکە لە سوودەکانی سەرچاوە کراوە کە ڕێگە بە ناساندن و دانپێدانانی هەر زمان و نەتەوەیەک دەدات بەبێ هیچ ڕێگرییەک.
دەبێت بزانیت کە WordPress.org تەواو بێبەرامبەرە و بۆ دامەزراندنی تەنها پێویستت بە ناوی پاوان (Domain) و خانەخوێ (Host) دەبێت.

لەناویدا تەواو ئازادیت و کۆت و بەندی هیچ کۆمپانیایەک ناتگرێتەوە، تەنها ئەوەی پێویستە پابەندبیت بە مەرج و یاساکانی کۆمپانیای خانەخوێیەکەتەوە و بەدووربیت لە کاری نایاسایی، ڕاستە دەڵێین کە وۆردپرێس لە هەردوو شێوەکەیدا دەتوانیت بەبێ نووسینی هیچ کۆدێک ماڵپەڕ و بڵاگی پێ درووست بکەیت، بەڵام WordPress.org جیهانێکی فراوانە بۆ گەشەپێدەران و دیزاینەران و هەر کەسێک، کە لە توانایدا بێت هەر گۆڕانکارییەکی پێخۆش بێت ئەنجامی بدات، یاخوود تایبەتمەندی لێ زیاد و کەم بکات، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکانی ڕاژە و دابینکردنی خانەخوێ ئێستا ئاسانکاری یەکجار گەورەیان ئەنجامداوە لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی وۆردپرێس دا، بەڵام هەمیشە WordPress.org بەڕای ئێمە بۆ کەسانێک گونجاو نییە کە هیچ شارەزاییەکیان نییە لەوەی ماڵپەڕ چییە و چۆن کار دەکات، چونکە لەگەڵ دەستپێکردنت لەگەڵ WordPress.org ڕووبەڕووی چەندین ناوی تر دەبیتەوە کە دەشێت نوێ بن و نەتوانیت مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت، وەکو خانەخوێ، ناوی پاوان، DNS، بڕوانامەی SSL، پاڵپشت (Backup) و پێوەکراوەکان، ئاسایش و سەلامەتی و CDN و بەڕۆژکردنەکان و سەدان بابەتی گرنگ و لاوەکی تر، لە ڕاستیدا ئەمانە بابەت و زانستی مەحاڵ نین و مایەی فێربوون و بەدوادا گەڕانن، بەڵام کارێکی باش ناکەیت گەر لەسەر ماڵپەڕێکی گرنگ و پێویست، خۆت فێری ئەمانە بکەیت، چونکە کاتێک بڕیاری درووست کردنی ماڵپەڕ دەدەیت، ئەوا بۆتۆ گرنگە کە ماڵپەڕەکەت ١٠٠% لەکاردا بێت و چوست و خێرا و پارێزراوبێت، نەک بەردەوام بەهۆی درووست بەکارنەهێنانیەوە کێشەت بۆ درووست بکات.
وەکو باسمان کرد کە زیاتر لە ٥٥٠٠٠ پێوەکراو لە جیهاندا بەردەستن، بەشێکیان بێبەرامبەرن و بەشێکیان بەپارەن، بەڵام زۆرینەی ڕەهایان سەرچاوە کراوەن، بەو مانایای هەر پێوەکراوێکت دامەزراند دەتوانیت گۆڕانکاری لە کۆد و تایبەتمەندییەکانیدا بکەیت، هەروەها تەنانەت دەتوانیت خۆشت پێوەکراو بۆخۆت درووست بکەیت، هەڵبەتە کاتێک کە ئەوەی ویستت بەردەست نەبوو (ئەمەش زۆر ئەستەمە)
بۆ ئەوەی شێوە و جوانکاری بەماڵپەڕەکە بدەیت و پشانی سەردانکەرانتی بدەیت، ئەوا ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕووکاری بێبەرامبەر بەردەستن، بەشێکی زۆریان وەرگێڕدراو و ئامادەن بۆ زمانی کوردی و دەتوانیت زیاتریش ئەنجام بدەیت بەوەی ڕووکاری تایبەت بکڕیت لە بازاڕە ئەلیکترۆنییەکانی تر، بەڵام لێرەدا ناوەستێت چوونکە تۆ وەک گەشەپێدەر و دیزاینەر، دەتوانیت هیچ کام لە ڕووکارەکانی بەردەست بەکار نەهێنیت و خۆت UI و UX ی ماڵپەڕەکەت بە بەکارهێنانی بەناوبانگترین نەرمەواڵەکانی وەکو Figma  و Xd و InVision Studio ئەنجام بدەیت و ماڵپەڕەکەت بکەیتە خاوەنی ڕووکارێکی تایبەت بەخۆی.

کەواتە لەمەوە تێ دەگەین کە WordPress.org جیهانێکی یەکجار فراوانە و دەرگای واڵایە بۆ هەموو کەسێک لە ئاستی سەرەتاوە تا ئاستێکی باڵا لە گەشەپێدان و دیزاین و سەرجەم بوارەکانی تر.

WordPress.com چییە؟

دەتوانین WordPress.com بە یەکێک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئۆتۆماتتیک بناسێنین، چونکە تەواو لەژێر دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ئەواندایە و خۆیان ڕاژەی دەکەن و گرنگی پێ دەدەن، کەسانێک کە سەرەتایین و هیچ لەو بابەتانە نازانن کە لە پێشەوە باسمان کرد، یاخوود کەسانێک کە تەنها دەیانەوێت بنووسن، یاخوود بازرگانی بکەن و نایانەوێت فێری هیچ کام لە لایەنەکانی بەڕێوەبردنی ڕاژە و ماڵپەڕببن، ئەوا باشترین هەڵبژاردە بۆیان WordPress.com
کاتێک ماڵپەڕێک لێرە درووست دەکەیت، ئەوەی لەسەرتۆیە ئەوەیە، کە ئەگەر نووسەریت تەنها بنووسیت، یان گەر بازرگانیت تەنها سەرقاڵی فرۆشتن و بازاڕگەری ببیت، چونکە ئۆتۆماتتیک خۆی سەرجەم کارەکانت بۆ دەکات لە ڕاژەکردن و ئاسایش و سەلامەتی و بەڕۆژکردن و چەندین کاری تر، ئەوەی لەسەر تۆیە تەنها بریتییە لە هەڵبژاردنی ناوی پاوان، WordPress.com پلانی خۆڕایشی هەیە کە دەتوانیت بێبەرامبەر ماڵپەڕ درووست بکەیت، کە لەم کاتەدا ناوی ماڵپەڕەکەت دەکەوێتە پێش ناوی پاوانی وۆردپرێسەوە و هەروەها تۆڕی بانگەشەی ئۆتۆماتتیک بانگەشە لەناو ماڵپەڕەکەت دادەنێن کە هیچ سوودێکی بۆتۆ نابێت، گەر بڕیاریش بدەیت ناوی پاوانەکەت تەنها تایبەت بێت بەخۆت و ئۆتۆماتتیک هیچ بانگەشەیەک دانەنێت، ئەوا پلانێک هەڵدەبژێریت کە پێویستە مانگانە یاخوود ساڵانە پارە بدەیت، دەتوانین ئەمە بە هاوشێوەی کۆمپانیایەکی تری وەکو Wix دیاری بکەین، بەوپێیەی تەنها دەتەوێت ببیتە خاوەن ماڵپەڕێک بەبێ گرنگی دان بەوەی ماڵپەڕەکە چۆن کاردەکات، لەڕاستیدا WordPress.com هەڵبژاردەیەکی گوونجاو نییە بۆ دیزاینەران و گەشەپێدەران، چونکە وەکو باسمان کرد، دەستکراوە نیت و لەسەریشت پێویستە کە پابەندبیت بە مەرج و یاساکانی کۆمپانیای ئۆتۆماتتیکەوە.

لە WordPress.org دا کە باسی کراوەیی و فراوانیمان کرد، بەمانای ئەوەدێت کە دەتوانیت ماڵپەڕێکی ئاسایی درووست بکەیت، کە خەرجی ساڵانەی خانەخوێیەکەی ٣٦ دۆلار بێت و پڕۆژەیەکی زەبەلاحیشی پێ ئەنجام بدەیت، کە تەنها خەرجی ساڵانەی خانەخوێیەکەی ٢٠ هەزار دۆلار و زیاتریش بێت، هەروەها تایبەتمەندی و ڕووکاری تێدا بەکاربهێنیت کە تەنها تایبەت بن بە خۆت و لە هیچ شوێنێک بینراو و بەردەست نەبن بۆ کڕین.
بەڵام لە WordPress.com پێویستە پابەندبیت بەو تایبەتمەندی و پلان و نرخانەی کە بۆت دیاری کراوە، کە کەمترینییان ٤٨ دۆلارە بۆ ساڵێک و دەشتوانیت لەگەڵ خزمەتگوزارییەکی وەکو WordPress VIP بەشداربیت بۆ پڕۆژە گەورەکان، کە خەرجی ساڵانەی لە ٢٤ هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەکات.

ئێوەش بەشداربن لەگەڵمان و پێمان بڵێن چ پرسیارێکتان هەیە؟ یاخوود ئەزموونتان لەگەڵ وۆردپرێس چۆنە؟ چۆن بەکاری دەهێنن و سوودی لێوەردەگرن؟

لە بیریشتان نەچێت دەتوانن وەکو خۆبەخش بەشداربن لەگەڵ کۆمەڵەی وەرگێڕانی کوردی ناوەندی لە وۆردپرێس و خۆبەخشانە وۆردپرێس و ڕووکار و پێوەکراوەکان و ئاپەکان، وەربگێڕنە سەر زمانی کوردی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.