میگۆ سیستەمێکی کارگێڕی سەرچاوە کراوەی لینوکسە بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامێرە جیاوازەکان هەر لە ئامێری مۆبایلەوە هەتا نێتبووک و تابلێت و تەلەفزیۆن. میگۆ لەژێر دامەزراوەی لینوکس خانەخوێ دەکرێت و لەسەر هەردوو ڕەقەواڵەی جێبەجێکەری X86 و ARM کار دەکات. Qt بەکاردەبات وەک framework و ئامانجی میگۆ بوون و بەکارهێنانی تاکە سیستەمێکە لەسەر سەرجەم ئامێرە جیاوازەکان.
هەردوو پڕۆژەکە کۆمەڵێک پێکهاتەی هاوبەشیان تیادایە، بەڵام لە هەندێک خاڵیشدا جیاوازن، لەکاتێکدا مایمۆ لەسەر پڕۆسێسەری ARM کار دەکات و مۆبلینیش لەسەر X86، باشترینی هەردوو پڕۆژەکە هەڵدەبژێردرێن لە یەکگرتنەکەدا. هەربۆیە پتەوی مۆبلین و گونجاندن بۆ مۆبایل و پاڵپشتی ARM و Qt لە تایبەتمەندییەکانی میگۆن.
مێژوو
میگۆ لە ئەنجامی یەکگرتنی هەردوو پڕۆژەی مۆبلینی ئینتێل و مایمۆی نۆکیا پێکهات کە لە شوباتی ٢٠١٠ ئەو یەکگرتنە ئاشکرا کرا.
وەشانەکان
میگۆ هەر شەش مانگ جارێک وەشانێکی نوێی دەردەچێت. یەکەم وەشانی لە ٢٦ی ئایاری ٢٠١٠ بۆ داگرتن ئامادەبوو.
وەشانی ١
وەشانی یەک بۆ نێتبووک لە مانگی ئایاردا بڵاوکرایەوە. پاڵپشتیکردنی ئامێرە ساوپەردەکانی وەک مۆبایل و تابلێت خرایە وەشانی داهاتوو.
لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم وەشانە:
- بەکارهێنانی ناوکی ٢.٦.٣٣.
- DeviceKit و udev بۆ کارکردن لەگەڵ ڕەقەواڵەکاندا.
- گرافیکی 2D / 3D
- Qt 4.6
- Universal Plug and Play (gUPnP)
- بەکارهێنانی سیستەمی پەڕگەی BTRFS
- تێکهەڵکێشکردنی گووگڵ کرۆم وەک وێبگەڕ. مۆزیلا فێنێک بۆ وەشانی مۆبایلی میگۆ لە داهاتوودا.
- تێکهەڵکێشکردنی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان و پیشاندانی چالاکییەکان لەسەر شاشە.
- سانایی لە بەکارهێنانی پڕۆگرامەکانی ئیمەیل، ڕۆژژمێر و لێدەری ڕەنگاڵە.
- گونجاندنی لەگەڵ باتری.
- بوونی ١٦ زمان.
وەشانی ١،١
وا بڕیارە لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بوەشێندرێت کە تیایدا پاڵپشتی لە ئامێرە ساوپەردەکان دەکات.