nvme, hdd لە قۆرخکارییەوە بۆ تەکنەلۆژیای هەڵگرتن

پێشەکی

هەموو یان زۆربەی ئەو پارچانەی لە کۆمپیوتەرەکەی بەردەستدان، شایەنی گۆڕین و نوێکردنەوەن؛ تەنیا کۆمپانیای ئەپڵ (Apple) نەبێت، کە تەواو ئەمەی کردووە بە «لووشینی پارە» لە بەکارهێنەرەکانی، دوای کڕینی خودی ئامێرەکە بە پارەیەکی زۆر. بەداخەوە هەموو کۆمپانیاکان لێرە و لەوێ بەهێواشی خەریکی باوەشێنی ئەو سیاسەتەن. ئەمەش لە بەرهەمەکانی وەک: هواوەی، وەن پڵەس، سامسۆنگ، دێڵ، لینۆڤۆ، ئەیسووس و شاومی، لە جیهانی مۆبایل و کۆمپیوتەردا بە ئاشکرا دەبینرێت.

لەمەش ناخۆشتر ئەوەیە، بنەڕەتی (Standard) جیهانی بۆ پارچەکان تێک دەدەن، تاوەکو کڕیار ملکەچ بکەن تەنیا لەوان، یان لەو کۆمپانیایەی باجی دروستکردن بەوان دەدات، بکڕدرێت. لەم باسەدا دەمەوێت لەسەر گەورەترین گێژاوی ئەمڕۆکە قسە بکەین، کە بەهۆی گۆڕینی بنەڕەتەکان و چۆکی پارچەی «پەپکەڕەق/هارد دیسک» بە زۆر دیودا، بەکارهێنەر لەخشتە دەبەن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کۆمپانیاکان خۆیان خاوەنی ئەو تەکنەلۆژیایە نین و هەموو پارچەکان لای خۆیان نییە، بەڵکو لە کۆمپانیای تر داوای دەکەن؛ بەو شێوەیە بنەڕەتی ڕێککەوت‌ لەسەرکراو تێک دەدەن. هەر بۆیە چەندین ساڵە بازاڕی ئەورووپی لە پەڕگە و نەرمەکاڵا و پارچەکانی کۆمپیوتەر و مۆبایلدا، دەیەوێت یەک بنەڕەتی شیاو بدۆزێتەوە. ئەم باسە زۆر درێژە و لە ئەڵقەکانی «پۆدکاستی چاوگ»ـدا بەدرێژی باسمان کردووە.

SATA چییە؟

پێناسە درێژەکەی بریتییە لە (Serial Advanced Technology Attachment). تاوەکو ئێستا سێ وەچەی هاتووە، کە خێراییەکانیان بەم جۆرە دابەش دەکرێن (وەک لە وێنەکەدا دەبینرێت). ئێمە ئێستاش زۆرترین ئامێرەکانی دنیا و کارتەکانی کۆمپیوتەر هەر بە وەچەی سێیەم دروست دەکەین، کە پۆرتی گواستنەوەی ئەوپەڕی ٦ گ.ب/چ (6Gb/s) دەکات. دیارە ئەمە وەک پۆرتی وەرگرتن بۆ کارتی دایک (Motherboard) یان کارتی سەرەکیی ئەو ئامێرەیە. بە گۆڕینی تەکنەلۆژیای پەپکەڕەقەکە و بەرهەمی جیاوازی کۆمپانیاکان، ئەمەش بەرز و نزمێکی دیاری هەیە.

ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە تەکنەلۆژیا و جۆری HDD (کە لە ڕووی فیزیاییەوە دەسوڕێتەوە) هەمان دەرگا و شوێن بەکار دەبات کە تەکنەلۆژیای نوێی SSD دەیکات؛ بەڵام جۆری دەرپەڕاندنی داتاکان و ناردن بۆ خوێندنەوە و نووسین، لە کۆمپانیا و وەچەیەکەوە دەگۆڕێت. لە کۆتاییدا هەموویان دەکەونە بەرامبەر بەرزترین یان فراوانترین گواستنەوە، کە هەر ٦ گ.ب/چ ـە.

گەرچی ئەمانەش هەن، ئێمە بەتوندی ئامۆژگاری دەکەین کە پەپکەڕەقی تەکنەلۆژیای SSD بەکار بەریت، کە دەتوانێت لە نێوان ٧ بۆ ١٠ جار زیاتر خێرایی بداتە ئەو سیستەمەی لەسەر لاپتۆپ و کۆمپیوتەرەکانت هەتە. هەروەها نەک تەنیا لە ڕووی خێراییی خوێندنەوە و نووسینەوە، بەڵکو وزەیەکی زۆر کەمتر بۆ وەگەڕخستن دەوێت؛ هەمان کات وزەی کەمتر لە چارەسەرکەر (CPU) خەرج دەکات بۆ بەڕێکردنی پرۆسەکان. لە بیریشمان نەچێت، بەهۆی ئەوەی خولانەوەی فیزیایی و بەریەککەوتنی کانزایی نییە (وەک HDD)، تەمەنی ئەم زۆرترە و بواری پێشخستنی بەهۆی تەکنەلۆژیای ڕێکخستنەوە زۆر زیاترە.

[لیستی چالاکی و گواستنەوەی وەچەکانی SATA]

[جیاوازیی خێراییی نووسین و خوێندنەوەی نموونەیی لە نێوانیان]

PCIe چییە؟

کورتکراوەی (Peripheral Component Interconnect Express)ـە، کە بنەڕەتێکی پارچەی کۆمپیوتەرە. تا ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە وەچەکانی یەکەم و دووەمیدا بۆ بەستنەوەی کارتی گرافیک بە تەختی سەرەکییەوە ناسراو بوو. خەسڵەتی ئەم تەکنەلۆژیایە لەو ساڵەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری هێنا، چونکە گۆڕینی ئەو دەرگایەی SATA کە تاکو ٦ گ.ب/چ فراوان کرابوو، هەمیشە بیرکردنەوە لە خێراییی زیاتر دەیوەستاند.

وەکو ئەوەی ئێمە کتێبخانەیەکی زۆر فراوانی دار گێلاسمان هەبێت، بەڵام پانیی ئەو دەرگایەی دەبێت بچێتە ژوورەوە، زۆر لەوە کەمتر بێت کە ئەو کتێبخانەیەی پێدا بڕوات؛ ئەگەرنا ژوورەکە چەندین جار لە قەبارەی کتێبخانەکە بە پانی و بەرزی تابازتر (فراوانتر) بووە.

[جیاوازیی خێراییەکی نموونەیی لە نێوان SSD و NVMe]

ئەی AHCI و NVMe چین؟

خۆی سەرەتا (Advanced Host Controller Interface) بۆ ئەوە دروست کرا کە لەگەڵ جۆری پەپکەڕەقی خولاوە، یاخود ئەوەی بە جووڵەی فیزیایی کار دەکات، مامەڵە بکات. تاکو ئێستاش وەک لە وێنەکەی سەرەوەدا دیارە، سێ وەچەی هەیە و لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێی پەپکەڕەقی SSD زۆر چووستانە کار دەکات. بەڵام دیسان دەیڵێینەوە، سنووردارکردنی بەوەی تاوەکو ٦ گ.ب/چ توانای تێپەڕاندنی داتای هەبوو، نەیتوانی لەبەردەم ئەو تەکنەلۆژیایەدا بوەستێت کە لە تێپەڕاندنی زانیاری لە PCIe هەیە، چونکە لە هەموو ڕووەکانەوە چەندین قات چالاکتر و فراوانترە.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *