پێشەکی
لە ١٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ـەوە لە ئوسترالیا، هەنگاوێکی مێژوویی نرا و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تەمەنی خوار ١٦ ساڵ قەدەغە کرا. ڕەنگە ئەم هەواڵە زۆرێک لە کۆمپانیاکان و دابینکارانی تۆڕەکانی شڵەژاندبێت، یان تەنانەت هەرزەکارانی تووڕە کردبێت، بەڵام لە دیدی وەزیر و کاربەدەستانی حکومەتی ئوسترالیاوە، بڕیارێکی سەنگینە و چارەسەری زۆرێک لە گرفتە پەروەردەیی و ژیرییەکان دەکات[١].
لەم بابەتەدا، دوور لە لایەنە تەکنیکییەکان، تیشک دەخەینە سەر بواری پەروەردە و چۆنێتیی ڕەنگدانەوەی ئەم بڕیارە لەسەر قوتابیان. (بۆ تێگەیشتن لە پاشخانی بڕیارەکە، دەتوانن ئامارەکانی ئوسترالیا ببینن[٢]).
لێکەوتە پەروەردەییەکان: چاوەڕوانی چی دەکرێت؟
بەپێی لێکدانەوەکان، ئەم بڕیارە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ژینگەی قوتابخانە و ژیانی قوتابیاندا دروست دەکات، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- فێربوون و پۆل: فێربوون و سەرنجدانی باشتر لە پۆلدا، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابیان.
- تەندروستیی دەروونی: کەمبوونەوەی فشاری دەروونی و باشتربوونی تەندروستیی مێشک، کە سەرنجدان لەسەر ئەرک و وانەکان زیاد دەکات.
- چالاکیی دەرەکی: کاتی زیاتر دەمێنێتەوە بۆ هونەر، وەرزش و چالاکییەکان لە دەرەوەی جیهانی دیجیتاڵ.
- لایەنی کۆمەڵایەتی: پتەوبوونی پەیوەندییەکان و هاریکاریی یەکتر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دوور لە شاشەکان.
- هۆشیاریی دیجیتاڵ: گواستنەوە بۆ فێرکردنی شارەزایی دیجیتاڵی وەک وانە و زانست، نەک وەک ئالوودەبوون.
سێ کۆڵەکەی سەرکەوتن (لایەنە ئەرێنییەکان)
بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە سەرکەوتوو بێت، سێ خاڵی سەرەکی دەبنە هۆکاری گۆڕانکاریی ڕیشەیی:
١. باشترکردنی ژینگەی فێربوون: سوودە ڕاستەوخۆکانی وەک “تەندروستیی دەروونی باشتر” چۆنایەتیی (کوالیتی) پرۆسەی فێربوون بەرز دەکەنەوە.
٢. پەرەپێدانی گشتگیر: زیادبوونی کات بۆ چالاکییەکان (وەک هونەر و وەرزش)، پەرە بە لایەنی جەستەیی و کۆمەڵایەتیی خوێندکاران دەدات.
٣. بنیادنانی ڕەفتاری بەرپرسیارانە: دەرفەتێکە تا تەکنۆلۆژیا بە هۆش و زانینەوە بەکار بهێنرێت، واتە گەنجان فێری “ڕەفتاری بەرپرسیارانەی سەرهێڵ” بکرێن لە ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراودا.
ئاڵنگارییەکان و دیوە شاراوەکەی بڕیارەکە
سەرەڕای هیواکان، ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی ئوسترالیا وێنەیەکی تر پیشان دەدەن. زۆرێک لە سەکۆکان (Platforms) هێشتا ئامادە نین بۆ بەربەستکردنی ڕاژەکانیان بەپێی تەمەن و میکانیزمی لێپرسینەوەیان لاوازە[٤].
هەروەها، بەشێک لە هەرزەکاران هەست بە بێهیوایی دەکەن و پێیان وایە دەبوو لەبری “قەدەغەکردن”، کار لەسەر “چاکسازی” و شێوەگۆڕینی تۆڕەکان بکرایە.
بۆ سەرکەوتنی درێژخایەن، پێویستە سێ بەرنامەی سەرەکی جێبەجێ بکرێن:
- بنیادنانی بەرگری (Building Resilience): فێرکردنی قوتابی بۆ ناسینەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکان.
- هۆشیاریی یاسایی و ئاکاری: فێرکردنی سنوورەکانی یاسا، مافی خاوەندارێتی و ڕێزگرتن لە ئەوانی تر (Etiquette).
- فێرکردنی هاوکاری (Fostering Help-Seeking): هاندانی فێرخوازان کە لە کاتی کێشەدا (وەک هەڕەشە یان سووکایەتیپێکردن) دەستبەجێ داوای یارمەتی بکەن.
بەراوردێک لەگەڵ ئەورووپا و جیهان
لە ئەورووپا مۆدێلەکە جیاوازتر بووە:
- وەتسئەپ (WhatsApp): تا ساڵی ٢٠٢٤ تەمەنی بەکارهێنانی ١٦ ساڵ بوو، بەڵام دواتر دابەزێنرا بۆ ١٣ ساڵ تا لەگەڵ دۆخی دوای کۆرۆنا و گرووپەکانی خوێندن بگونجێت[٥].
- تیکتۆک و ئینستاگرام: ڕێگە بە ١٣ ساڵ دەدەن بەڵام هەندێک تایبەتمەندی (وەک نامە و دوێت) تا ١٦ ساڵ قەدەغەن.
کێشەی سەرەکی لەم مۆدێلانەدا “ساختەکردنی تەمەن”ـە. بەڵام ئوسترالیا دەیەوێت بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) و ناسینەوەی ڕوخسار یان بەستنەوە بە ناسنامەی فەرمی، ئەم کەلێنە پڕ بکاتەوە.
وانەیەک بۆ ئێمە لە کوردستان
بۆ ئێمەش لە کوردستاندا، گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەکەمان، بیر لەم هەنگاوانە بکەینەوە:
١. پاڵفتەکردن و ڕێسا: ناکرێت دۆخەکە بە “بەرەڵایی” بمێنێتەوە، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ناو قوتابخانە و داهێنانی منداڵان دروست دەکات.
٢. ڕۆڵی ڕێکخراوەکان: ئەگەر حکومەت کەمتەرخەم بێت، ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەبێت پێشەنگ بن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.
٣. دەسەڵاتی دایک و باوک: چاوەڕێی یاسا مەکەن!
* یوتیوب بەشی منداڵانی هەیە (YouTube Kids).
* ئامێرەکانی (ئایفۆن و سامسۆنگ) ڕێگەت دەدەن کۆنترۆڵی ئامێری منداڵەکەت بکەیت.
* فێربوون و پەروەردە مەدەنە دەست ئەلگۆریزمەکانی سۆشیال میدیا.
کورتەی قسە: فرسەتەکان بۆ پاراستنی منداڵەکەت لەژێر دەستی خۆتدایە، لێگەڕێن با منداڵەکان منداڵی بکەن و لەبری شاشە، فێری ژیان ببن.
سەرچاوەکان
١. وردەکارییەکانی بڕیارەکەی ئوسترالیا (نۆڤەمبەر ٢٠٢٤).
٢. ئامار و لێکدانەوەکانی حکومەتی ئوسترالیا.
٣. بۆچی ئوسترالیا سۆشیال میدیای قەدەغە کرد؟ (Why did Australia ban social media for kids under 16?).
٤. ڕاپۆرت: هێشتا هیچ نەگۆڕاوە (Australia’s grand social media experiment is finally live).
٥. گاردیان: ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر دابەزاندنی تەمەنی وەتسئەپ.
٦. گۆڕانکاری لە پاراستنی منداڵانی سەرهێڵ (A Shift in Child Online Protection?).
٧. ویکیپیدیا: یاساکانی سەلماندنی تەمەن لە وڵاتان.


وەڵامێک بنووسە