ڕاژەکاری ئەپاچی

لە چاوگ
(ڕەوانەکراوە لە ئەپاچیەوە)
لۆگۆى فەرمى ئەپاچى

(ئەپاچی وەک ڕاژەکاری وێب Apache HTTP Server)

ناوی ئەپاچی

ناوی ئەپاچی Apache هەڵبژێردراوه وەک ڕێز لێنانێک بو هیندییە ئەمەریکاییەکان، ئەو خێڵه ڕەسەنه ناوبانگیان هەبوو بەئازایەتیی و توند و تۆڵی ئاکاریان. بەشێوەیەکی گشتی ناوەکه جێی ڕەزامەندی بوو، ئەگەرچی لەبنەڕ‌ەتدا ناویئەپاچی لەو گورزە(پاچ patch) کۆده پشتێنییانەوە هات کە بۆ چاکسازی کردنی ڕاژەکار پەرەی پێدرا.

مێژووی دروستبوونی

ئەپاچی ڕاژەکارێکی وێبه، بێ بەرامبەر بڵاوکراوەتەوە لەشێوەی ژێدەرکراوە دا open source. یەکەم دەرچوونی لە ١/١٢/١٩٩٥ بەشێوەیەکی ئاشکرا بڵاوکرایەوە، پێش ئەو دەمە چەند مانگێک بوو لەژێرتاقیکردنەوە و کەلێن بنبڕکردندا بوو، و وەشانی تایبەتی لێ بڵاودەکرایەوه، ئەوەبوو مانگی 04.1995 دەرچونی 0.6.2 ـی گرنگیی و ڕەوتی خۆی سەلماند.

ڕاژەکاری ئەپاچی (بریتیه لە A PAtCH'y' Server) بنچینەی لەسەر کۆدێکی ئامادەکراو و زنجیرەیەک پەڕگەی پاچ patch file دانا. لەمانگی ٢/١٩٩٥ دا ناسرواترین و بەربڵاوترین کاڵای نەرمی ڕاژەکار لەسەر وێب بریتی بوو لە httpd ـی NCSA کە لە لایەن ڕۆب ماک کوول پەرەی پێدرابوو لە زانکۆی ئیلینۆیس لە بنکەی نەتەوەیی National Center for Supercomputing Applications (NCSA) له ‌ناوەڕاستی ١٩٩٤ دا پەرەپێدانی http تاڕادەیەک وەستا بە هۆی دەست لەکارکێشانەوەی ڕۆب لە NCSA ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لەدەست ڕەنگینەکانی بواری وێب دەست بەکار بوون لەگەشەپێدانی، بەڵام هەر یەکە و لەلایەکەوە بوو، کەپێویست بوو هەموو کۆک بن و دەرچونێکی هاوبەش بڵاوبکەنەوە، ئەوەبوو کۆمەڵێ لەو وێبماستەرانه بەهۆی پۆستی ئەلیکترۆنییەوە گورزێکی کاریان پێکهێنا، لەشێوەی کۆمەڵە پاتچ دا توانیان مەبەست و گۆڕانکارییەکانی کە پەرەیان پێدابوو بە ئەنجام بگەیەنن.

براین بێلێندۆرف Brian Behlendorf و کلیف سکۆلنیک Cliff Skolnick لە کالیفۆڕنیا پێکەوە هەستان بەدروستکرنی لیستەیەکی پۆست بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی لەو بوارەدا، لەشێوەی پۆستی ئەلکترۆنیدا، تاکو بتوانرێت لەڕێیەوە پەرەپێدەران لەو سەکۆیەدا کۆبکاتەوە. لەکۆتایی مانگی دوو دا هەشت هاوکار خۆبەخشانە بۆ ئەو مەبەسته قۆڵیان لێ هەڵماڵی (دوو کەسی تریشی هاتە سەر لەدواییدا)، دەرچوونی httpd 1.3ــی NCSA یان کرد بە بنەچەی کارەکەیان و لەسەری گۆڕانکاری و داڕشتنی نوێیان دامەزراند، وەک لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کرا لەناوەڕاستی ١٩٩٥ دا هاوکار ڕۆب هارتل، مۆدێلێکی نوێی داڕشت (کۆدەکەی ناوی شامبالا Shambhala بوو) کە چەسپیوتر و گۆڕانکاریی نوێی لەخۆ گرتبوو.

کارکردنی ڕاژەکاری ئەپاچی

ئەپاچی وەکوو ڕاژەکارێک بۆ لاپەڕەکانی وێب بەکاردەهێنرێت، بۆ هەردوو جۆری لاپەرە ناوەڕۆک جێگیر و بزۆکەکان. زۆر لە داوانامە و دەوروبەری کار هەن لەسەر وێب کەئەپاچی ڕاژەیان دەکات. ڕاژەکاری ئەپاچی پشتیوانی چەندین بەجێهێنان، دەکات کە بەشێوەی نەخشەی وەرگێڕدراو و مودول ناوەڕۆکەکانیان داڕێژراوه. ئەو زمانانەی کە لەسەر ڕاژەکارەکەوە بەرنامەکانی پێدادەڕێژرێن و ئەپاچی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات برێتین لە زمانە گشتییەکانی وەک پێرل Perl، پایسون Python و PHP و Tcl.


چوستیی ڕاژەکاری ئەپاچی

ئەپاچی ناوبانگێکی بەربڵاوی پەیدا کرد بەهۆی توندوتۆڵی لەبەجێهێنای کاریڕاژەکاردا و نەرمی لەگونجان و گۆڕانکارییەکاندا. تا مانگی ٢.٢٠٠٠ زیاتر لە ٦ ملیۆن ڕاژەکاری ئینتەرنێت ئەپاچی بوو، دەرچوونەکانی 2.0 و بەرەوژوور لەسەر هەموو جۆرە سیستەمەکانی کارپێکردنی کۆمپیوتەر بەکارن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی Netcraft ساڵی ٢٠٠١ ڕێژەی %٦٢ ــی ڕاژەکارەکانیئینتەرنێت ئەپاچی بووه و ئەم ڕێژەیەش کەم و زیادی کردوە. بۆ زیاتر تەماشای ئاماری هەنووکەی نێتکرافت بکە.

مۆڵەتنامەی ئەپاچی

بڕوانە مۆڵەتنامەی ئەپاچی Apache license ئەم مۆڵەتنامەیە شێواز و چۆنێتی بەکارهێنانی ڕاژەکاری ئەپاچی پێناس دەکات.

بەستەری دەرەکی