Dark web

لە چاوگ

وێبی تاریک ( Dark web)

هەموومان ئاشناین بە تۆڕی فراوانی کۆمپیوتەر، کە ناوی لێ نراوە ئینتەرنێت، زۆرینەشمان بەشدارین و ڕۆژانە زانیاریی لێ وەردەگرین، یاخود لە ڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە تیایدا چالاکی خۆمان دەنوێنین. ئەوەی کەم بەئاگاین لێی و بگرە بەشداری و بوونمان نیە، تۆڕێکی هاوشێوەی ئینتەرنێتە، کە لە پشتەوە دروست بووە و خەڵکانێکی زۆر، کۆمپانیا و دامەزراوەی زۆریش بەشداری تیا دەکەن و تایبەت کراوە بۆ کۆمەڵە کارێکی بازرگانی و سنووردار. ئەم تۆڕەش کە لە پشتی ئینتەرنێتەوە دروست کراوە، بە (وێبی تاریک، دارک وێب dark web) ناونراوە.

ئەم دیوە تاریکە، بەشداربووانی و بەکارهێنەرانی دەتوانن نەناسراو بمێننەوە. کێ کاری تیا دەکا و کێ لەوێ بەشدارە، هیچ ڕوون نیە. لەبەرئەوەیشە کە ئەوەی لەوێ دەگوزەرێ هەموو گومانێکی خراپی لێ دەکرێ.

وێبی تاریک، بە ئامراز و وێبگەڕی تایبەتی دەتوانیت بەشداری تیا بکەی. لەوانە بە وێبگەڕی (تۆر TOR).


  • دارک وێب چیە؟

بەشێکی شاراوەی وێبە (world wide web)، کە لە ڕێگەی ئامێرەکانی گەڕانەوە (گوگل، بینگ و یاهوو و هیتر) پەڕەکان و پێکهاتەکانی نادۆزیتەوە. واتە ناوەڕۆکەکەی ئیندێکس ناکرێ و دەست گەیاندن پێیان سنووردارە بۆ بەشداربووانی بە تەنیا. بەشداربووانی ئەم بەشە شاراوەیەش لە وێ، لە ڕێی تەکنیکی تایبەتیەوە ناو و نیشانیان بە نادیار دەکرێ و بێناسنامە دەبن. کە بە تەکنیکی ڕێڕەوکردنی پیازی(onion routing) ناودەبرێت. کە وەکو پیاز چەند چینێکی هەیە لەسەر یەکتر، ئەم بۆ قفڵ کردن و شاردنەوەی ناسنامە بە سێ چیندا تێ دەپەڕێنێ.

ئەم تەکنیکە لەگەڵ هەر داخوازیەکی نوێی بەشداربووەکە بۆ پەڕەیەکی وێب، هەڵدەستێ بەگۆڕینی ڕێڕەوی ناونیشانەکە و هەر جارەی بەشێوازێک ناسنامەی بۆ دەکات و ناسنامەی بنەڕەتی خۆی دەشارێتەوە. بەو شێوەیە بەکارهێنەر ئەشارێتەوە لە دابینکاران و چاودێرانی وێب، هاوکات لە خاوەنی وێبگە و لاپەڕەکانی سەردانیان دەکات. وەکو کۆنووسی(HTTP) نیە، کە نێرەر و وەرگرێگ هەبێت، بەڵکو تێکەڵەیەک هەیە کە چەندین نێرەر و وەرگری زانیاری ڕێک دەخا. وەکو کاری پرۆکسی سێرڤەر یان تۆڕی تایبەتی (VPN). لەمەوە گەرەنتی بێ ناسنامەیی لەم تۆڕەدا ماوەتەوە. ڕایەڵەی دارک وێب کە بە (تۆر TOR) ناودەبرێت، لە ڕێی نهێنیکردنی ناوەڕۆک و بەکارهێنەرانیەوە کار دەکا. ئەم ناوەیشی لە (The Onion Routing)ەوە وەرگرتوە.

لاپەڕەکانی وێبی تاریک لەسەر ناوی پاوانی (.onion) خانەخوێ دەکرێن. ناونیشانی پەڕەکانی زۆرینەیان ئاشنا نین و ناخوێنرێنەوە. نموونەی ئەوەش (http://idnxcnkne4qt76tg.onion).


  • ئینتەرنێت و وێبی قووڵ (دیپ وێب web deep) و (وێبی تاریک dark web)

ئینتەرنێت ڕایەڵەیەکی کراوەیە، هەموو زانیاریەکانی ناوی ئاوەڵان، ناوەڕۆکەکەی لە لایەن ئامێرەکانی گەڕانەوە ئیندێکس دەکرێن و بەردەستن بۆ دۆزینەوە و دەست گەیشتن پێیان ئاسانە.

وێبی قووڵ (Deep web): ناوەڕۆکی زانیاریەکانی ئیندێکس ناکرێن، بەڵام دۆزین و دەست گەیشتن پێیان ئاوەڵایە لە ڕێی ناونیشانەکانیانەوە بە وێبگەڕ دەیان بینیتەوە. زۆرجار بە (وێبی شاراوە یان نادیار Invisible Web) ناوی دەبەن.

بە پێچەوانەی ئەمانەوە، وێبی تاریک، ناوەڕۆکەکەی نە ئیندێکس دەکرێت و نە ئاوەڵایە بۆ هەموو، بەڵکو سنوردارکراوە بۆ بەشداربووانی.

شارەزایان دەڵێن، بەڕێژەی یەک تا پێنج لەسەدا زانیاریەکان ئیندێکس کراون و خەڵک دەتوانێت بەهۆی ئامێرەکانی گەڕانەوە بدۆزێنەوە. کەواتە ڕێژەوی زۆرینەی لاپەڕەکانی ئینتەرنێت برێتین لەو دوو جۆرەی تر.

  • ناوەڕۆکی ئەم لاپەڕانە چین؟

وەکو بەشە ناسراوەکەی تری وێب، کە ڕۆژانە بەکاری دێنین، ناوەڕۆکی وێبی تاریکیش بریتیە لە زانیاری و چەندین وێبگە، کە مەکۆ و شوێنی چالاکی تری تیا دانراوە، هاوکات شوێنی ئەو کەس و لاپەڕانەیشە کە وەکو ویکیلیکس هەواڵ و پەیامی جۆراڤەجۆر دەگەیەنن. بەڵام نە خاوەن وێبگە و لاپەڕەکان ناسراون و نە ئەوانەش کە وێبگەڕی دەکەن تیایاندا.

  • چۆن و بۆچی دروست بووە؟

ساڵی ٢٠٠٢ لە توێژینەوەیەکدا لە زانکۆی کامبریدج، هەوڵ درا، ڕایەڵەیەک پێک بهێنرێت کە پارێزراو بێ لە سیخوڕی و هەواڵدزی و تەنیا کەسانێک بتوانن دەستیان پێ بگا کە مۆڵەتدراو بن. نەخشەی کار بەو شێوەیەبوو کە ئەم جۆرە ڕایەڵەیە بۆ دامودەزگاکانی ئەمەریکا و کاری سەربازی بخرێتە گەڕ. یەکەم وەشانی تاقیکاری لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بڵاو بووەوە. دواتر پەیمانگا و بەشەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەمەریکا لەسەر برەو پێدانی کاریان کرد. ئەمڕۆکە دوو لەسەر سێی تێچوونی ئەم بەشە تاریکەی وێب لە لایەن ئەمەریکاوە خەرج دەکرێ و بەشێکیشی لە لایەن کەس و دامەزراوەی تایبەتیەوە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم تۆڕەوە زانیاریەکانیان ئاڵوگۆڕ پێ بکەن، بێ ناسینەوە و ناسنامەیەک.

  • کێ چالاکی تیا دەکات؟
    • ئەوانەی کاری نایاسایی ئەنجام ئەدەن
    • ئەوانەی یاخین لە دەست دیکتاتۆرەکان و لەتاو زوڵم و ستەمیان زانیاری ئاڵگۆڕ دەکەن بێ ناسینەوەیان.
    • ئەوانەی کە بە دژەڕژێم یا ئۆپۆزیسیۆن خۆیان ناوزەند کردوە
    • چەک و دەرمان فرۆشەکان
    • بازرگانەکانی لە باج و خەراج خۆیان ئەدزنەوە
    • تیرۆریست و ڕێکخراوەکانیان
    • هاکەر و ئەوانەی ئاڵوگۆڕی دراوەی دیجیتاڵ دەکەن
    • و بگرە هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت بەدوور لە ئامێرەکانی گەڕان و ئاشکرا زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن.


  • چۆن بەشدار بم؟

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانیت (ڕاژەخوازی تۆر tor client) دابمەزرێنیت، لە ڕێی ئەمەوە هەوڵی پەیوەندی کردن ئەدرێت، پاشان کلیلێکت لێ وەردەگیرێت (digital signing) و ناسنامەی خۆت بەو تۆڕە پێ دەگات، کە وەکو کلیلی دەرگای کردنەوەی ئەم ڕایەڵەیە دەبێت. پاشان پرۆسەکانی کە باس کران لەسەرەوە، ناسنامەکەت لە ڕێی سێ چینی بەستنەوە بە ڕاژەکارەکان دەگۆڕێ، دواتر وەکو تونێلێک ڕێڕەوت پێ دەکا بۆ جیهانی تاریکی وێب و لەوێ دەتوانیت وەکو بەشداربوویەک زانیاریەکانی خواستت لەسەریەتی ئاڵوگۆڕ بکەیت.

[١]

  1. سەرچاوەکان