جۆرەکانی پەپکەڕەق یا هاردیسک چین؟

لە چاوگ
جۆرەکانی پەپکەڕەق لەلای ئەپڵ

هەموو یا زۆربەی ئەو پارچانەی لە کۆمپیوتەرەکەی بەردەستدا هەن، شایەنی گۆڕین و نوێکردنەوەن. تەنها کۆمپانیای ئەپڵ نەبێت، کە تەواو ئەمەی کردووە بە لوشینی پارە لە بەکارهێنەرەکانی، دوای کڕینی خودی ئامێرەکە بە پارەیەکی زۆر. بەداخەوە هەموو کۆمپانیاکان خەریکی باوەشێنی ئەو سیاسەتەن لێرە و لەوێ بەهێواشی. ئەمەش لە بەرهەمەکانی وەکو هواوی، وەن پڵەس، سامسۆنگ، دێڵ، لینۆڤۆ، ئەیسوس و شاومی و لە جیهانی مۆبایل و کۆمپیوتەر بە ئاشکرا دەبینرێت. لەمەش ناخۆشتر ئەوەیە، بنەڕەتی جیهانی بۆ پارچەکان تێک دەدەن، تاوەکو کڕیار ملکەچ بکەن، تەنها لەوان یان لەو کۆمپانیایەی باجی دروستکردن بەوان دەدەن بکڕدرێت. لەم باسەدا دەمەوێت لە گەورەترین گێژاوی ئەمڕۆکە قسە بکەین، کە بەهۆی گۆڕینی بنەڕەتەکانی و چۆکی پارچەی پەپکەڕەق/هاردیسک بە زۆر دیودا لەخشتەبردن دەکەن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کۆمپانیاکان خۆیان خاوەنی ئەو تەکنەلۆژییە نین و هەموو پارچەکان لای خۆیان نییە. بەڵکو لە کۆمپانیای تری داوای دەکەن بەو شێوەیە بنەڕەتی ڕێککەوت لەسەرکراو تێک دەدەن. هەر بۆیە چەندین ساڵە بازاڕی ئەوروپی لە پەڕگە و نەرمەکاڵا و پارچەکانی کۆمپیوتەر و مۆبیل دەیەوێت یەک بنەڕەتی شیاو بدۆزێتەوە. ئەم باسە زۆر درێژە و لە ئەڵقەکانی پۆدکاستی چاوگ باسمان کردووە بەدرێژی.

SATA چییە؟

پێناسە درێژەکەی بریتییە لە (Serial Advanced Technology Attachment) کە تاوەکو ئێستا سێ وەچەی هاتووە، کە بەم جۆرە خێراییەکان دابەش دەکرێن وەکو لە وێنەکدا دەبینرێت. ئێمە ئێستاش زۆرترین ئامێرەکانی دنیا و کارتەکانی کۆمپیوتەر هەر بە وەچەی سێیەمەوە دروست دەکرێت، کە پۆرتی گواستنەوەی ئەوپەڕی دەکات ٦گب/چ. دیارە ئەمە وەکو پۆرتی وەرگرتن بۆ کارتی دایک یاخود کارتی سەرەکی ئەو ئامێرە. بە گۆڕینی تەکنەلۆژی پەپکەڕەقەکە و بەرهەمی جیاوازی کۆمپانیاکان، ئەمەش بەرز و نزمێکی دیاری هەیە. ئەوەمان لە بیرنەچێت، کە تەکنەلۆژی و جۆری HDD کە لە ڕووی فیزیاییەوە دەسوڕێت هەمان دەرگا و شوێن بەکاردەبات، کە تەکنەلۆژی نوێ SSD دەیکات. بەڵام جۆری دەرپەڕاندنی داتاکان و ناردن بۆ خوێندنەوە و نوسین لە کۆمپانیا و وەچەیەکەوە دەگۆرێت. لە کۆتایدا هەموویان دەکەونە بەرامبەر بەرزترین یان فراوانترین گواستنەوە، کە هەر ٦گب/چ ــە. گەرچی ئەمانەش هەیە، ئێمە بەتوندی ئامۆژگاری دەکەین، کە پەپکەڕەقی تەکنەلۆژی SSD بەکاربەرە. کە دەتوانێت لە نێوان ٧ بۆ ١٠ جار زیاتر خێرایی بداتە ئەو سیستەمەی لەسەر لاپتۆپ و کۆمپیوتەرەکانت هەتە. هەروەها نەک لە ڕووی خێرایی خوێندنەوە و نوسینەوە، بەڵکو لەگەڵ وزەدا زۆر کەمترە بۆ وەگەڕخستنی، هەمان کات کەمتر وزە لە چارەسەرەوە CPU خەرج دەکات بۆ بەڕێکردنی پرۆسەکانی. لە بیریشمان نەچێت، بەهۆی ئەوەی خولانەوەی فیزیای و بەریەککەوتنی کانزانیی نییە وەکو HDD دەیکات و لە وێنەکەدا دیارە، تەمەنی ئەم زۆرترە و بواری پێشخستنی بەهۆی تەکنەلۆژی ڕێکخستنەوە زۆر زیاترە.

لیستی چالاکی و گواستنەوەی وەچەکانی sata
جیاوازی خێرایی نوسین و خوێندنەوە نمونەیی لە نێوانیان

PCIe چییە؟

کورتکراوەی Peripheral Component Interconnect Express کە بنەڕەتێکی پارچەی کۆمپیوتەرە، تاکو ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە وەچەکانی یەکەم و دووەمیدا بۆ بەستنەوەی کارتی گرافیک بە تەختی سەرەکییەوە ناسراو بوو. خەسڵەتی ئەم تەکنەلۆژییە لەو ساڵەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری هێنا، چونکە گۆڕینی ئەو دەرگایەی SATA کە تاکو ٦گب/چ فراوان کرابوو، هەمیشە بیرکردنەوە لە خێرایی زیاتر دەیوەستان. وەکو ئەوەی ئێمە زۆر کتێبخانەیەکی فراوانی دار گێلاسمان هەبێت، بەڵام پانی ئەو دەرگایەی دەبێت بچێتە ژوورەوە زۆر لەوە کەمتر بوو، ئەو کتێبخانەیەی پێوە بڕوات. ئەگەرنا ژوورەکە چەندین جار لە قەبارەی کتێبخانەکە بە پانی و بەرزی تابازتر بوو.

جیاوازی خێراییەکی نمونەیی لە نێوان ssd و nvme

ئەی AHCI و NVMe چین؟

خۆی سەرەتا Advanced Host Controller Interface بۆ ئەوە دروستکرا، کە لەگەڵ جۆری پەپکەڕەقی خولاوە یاخود بە جوڵەی فیزیایی مامەڵە بکات. تاکو ئێستاش وەکو لەسەرەوە وێنەکە دیارە، کە سێ وەچەی هەیە و لەگەڵ تەکنەلۆژی نوێی پەپکەڕەق SSD زۆر چوستانە کار بکات. بەڵام دیسان دەیڵێینەوە، کە سنوردراکردنی بەوەی تاوەکو ٦گب/چ توانای تێپەڕاندنی داتای هەبوو، نەیتوانی لەبەردەم ئەو تەکنەلۆژییەی لە تێپەڕاندنی زانیاری لە PCIe هەیە بوەستێت، کە لە هەموو ڕووەکانەوە چەندین قات چالاکتر و فراوانترە.