phpBB

لە چاوگ
لۆگۆی phpBB 3.0

phpBB بەناوبانگترین و بەربڵاوترین نەرمەکاڵای بەڕێوەبردنی مەکۆیە کە بە زمانی PHP دارێژڕاوە. phpBB کە کورتکراوەی PHP Bulletin Board ـە وەک نەرمەکاڵایەکی سەرچاوە کراوە لەژێر مافی GNU GPL ـدا وەشێندراوە.

مێژوو

phpBB وەک مەکۆیەکی سادە لەسەرەتاوە لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٠٠ لەلایەن James Atkinson ـەوە داڕێژرا کە ئەویش بۆ مەڵپەڕەکەی خۆی ڕێکخستبوو. دوای ئەوەی Nathan Codding و John Abela بەشدارییان کرد لە پەرەپێدانی، یەکەمین پێشوەشانی ١.٠.٠ لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵدا بڵاو کرایەوە و مۆڵگەی phpBB گوێزرایەوە بۆ SourceForge.net.

phpBB 1.0.0 لە کانونی یەکەم ئەو ساڵەدا وەشێندرا. دواترین وەشانی زنجیرە ١ کە وەشانی ١.٤.٤ بوو لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠١ وەشێندرا. لەو ماوەیەدا چەند داڕێژەرێکی تر وەک پەرەپێدەر بەشدارییان لە پەرەپێدانی phpBB کرد.

لە شوباتی ٢٠٠١ phpBB 2.0 لە سفرەوە دەستکرایەوە بە داڕشتنی. دوای ساڵێک لە پەرەپێدانی phpBB 2.0.0 لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٢ وەشێندرا.

کارکردن لەسەر phpBB 3.0.x لە کۆتاییەکانی ٢٠٠٢ ـەوە دەستی پێکرد. لەسەرەتاوە وا بڕیار بوو کە وەک وەشانی ٢.٢ بوەشێندرێت.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ Paul Ownd وازی لە پێشڕەویکردنی تیمی پەرەپێدەران هێنا و Meik Sievertsen جێگەی گرتەوە. لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧، James Atkinson، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری پڕۆژە، وازی لە ئەرکەکەی خۆی هێنا. هۆکاری وازهێنانەکەشی بۆ باری تایبەتی خۆی گێڕایەوە. دوای ئەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە phpBB ئێستا سەربەخۆیە و پێشڕەوی تیمەکان بەرپرس دەبن لە بڕیارەکان و داهاتووی phpBB. لە کۆتایی مانگی ئایاریشدا بەهەمان شێوە لەبەر هۆکاری تایبەتی خۆی هەواڵی وازهێنانی Jonathan "SHS`" Stanley، بەڕێوەبەرێکی تر، بڵاوبووەوە.

لە ٧ی تەمموزی ٢٠٠٧، تیمەکانی phpBB هەواڵی ئەوەیان دا کە phpBB پاڵێوراوە بۆ قۆناغەکانی کۆتایی وەرگرتنی خەڵاتی هەڵبژێردراوی کۆمەڵەی SourceForge.net لە هاوپۆلی "باشترین پڕۆژەی پەیوەندیکردن". لە کۆتایی ئەو مانگەدا، SourceForge.net ڕایگەیاند کە phpBB براوەی خەڵاتی "باشترین پڕۆژەی پەیوەندیکردن" دەرچوو. بۆ ئەو مەبەستەش SourceForge.Net ١٠٠٠$ ـی بەناوی phpBB ـەوە بەخشی بە ناوەندی بەئاگابوونی شێرپەنجەی Marie Curie. phpBB لە هەردوو "Thingamagoop" و "bragging rights for a full year." ـیشدا براوە بووە.

سەرچاوە