پێشەکی
ئاشکرایە داوانامەی FTP هەتا ئەمڕۆش یەکێکە لە خێراترین ڕێگاکانی پەڕگە گواستنەوە. بۆ دروستکردنی ڕاژەیەکی FTP ئێمە لێرەدا چۆنیەتی دامەزراندن و کارکردن لەگەڵ ڕاژی ProFTPD ڕووندەکەینەوە.
ProFTPD
بریتیە لە ڕاژەیەکی (File Transfer Protocol (FTP ـی ژێدەرکراوە، لە ژێر مافی GPL داڕێژراوە. زۆر بەهێز و سووکەڵەیە یان بە واتایەکی تر سادەیی و بەهێزیی یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی ئەم ڕاژەیە. نوێترین وەشانی بریتیە لە 1.3.4a کە لە نۆڤەمبەری 2011 وەشێنراوە.
دامەزراندن
کاری دامەزراندنی ڕاژەی proftpd لەسەر دابەشکراوی ئوبونتو ڕووندەکەینەوە. کردارەکەمان لەسەر دوایین وەشانی ئوبونتوی ڕوومێز واتە 11.10 ـی 32bitدەبێت. بە واتایەکی دی ڕوومێزێکی ئوبونتو وەک ڕاژەیەکی FTP لێدەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕایەڵەیکی ناوخۆیی LAN پەڕگەکانمان بەشبکەین لە نێوان ئەو کۆمپیوتەرانەی کە بەستراون بە ڕاژە نێوخۆیەکەوە. شایەنی باسە کە ئەو ئامێرانەی بەستراون بە ڕایەڵەکەوە مەرج نییە کە لینوکسیان لەسەربێت بۆ ئەوە دەستیان بگات بە ڕاژەی FTP یەکەمان بەڵام دەبێت هەمان range ـی ئایپیان هەبێت.
کرداری دامەزراندنی زۆر ئاسانە terminal بکەوەو ئەم دێڕەی پێبدە:
sudo apt-get install proftpd
لە دوای پێدانی تێپەڕەووشە هەنگاوەکان خۆکارانە دەڕۆنە پێشەوە. تەنها پرسیارێک لێت بکات ئەوەیە کە دەتەوێت ڕاژەیەکی سەربەخۆ standalone دامەزرێنی یانیش بەشێک بێت لە inetd. ئێمە دەمانەوێت وەکو ڕاژەیەکی سەربەخۆ دامەزرێت بۆیە standalone دیاریدەکەین. ئێستا ڕاژە دامەزرا. بۆ دەستگەیشتن بە ڕاژە وای دادەنێین کە ژماری ئایپی ئوبونتوەکەمان ئەمەیە 192.168.0.1 ئێستا دەمانەوێت لە ئامێرێکی ترەوە دەستمان بگات بە پەڕگەکانی ئوبونتو کە ڕاژەکەمانی لەسەر دامەزراوە.ئێمە لە وێبگەڕ یان پەڕگە گەڕێکی وەکو Nautilus ئەمە دەنووسین. ftp://192.168.0.1 داوای ناوو تێپەڕەووشەئ ڕاژەی ئوبونتودەکات. دوایی پێدانی زانیاریەکان بە درووستی . ئێستا پەڕگەکانی ڕاژەکەمان بە دیاردەکەون.
ڕێکخستنەکان
هەموو ڕێکخستنەکان دەکەونە پەڕگەیەکەوە بە ناوی proftpd.conf کە دەکەوێتە ئێرەوە.
/etc/proftpd
ئێمە لێرەدا دەستکاریەک دەکەین بەڵام پێش هەر دەستکاریەک. پەڕگەکە هەڵدەگرینەوە copy بۆ ئەوەی ئەگەر لەکاتی بەهەڵە دەستکاریکردن بتوانیین بۆ دۆخی بنەڕەتی بگێڕینەوە. بۆ لەبەر گرتنەوەی پەڕگەی ناوبراو ئەمە لە terminal بنووسە:
sudo cp /etc/proftpd/proftpd.conf /etc/proftpd/proftpd.conf.orginal
تێپەڕەووشەی پێبدەو ئێستا پەڕگەکەت پاشەکەوتکرد. پەڕگەی proftpd.conf.orginal ـت لە
/etc/proftpd
دروستکرد. ئێستانمونەی گۆڕانکاریەک جێبەجێی دەکەین. ئەویش گۆڕانکاریە لە گۆڕینی ژمارەی پۆرتی ڕاژەی FTP یەکەمان ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ڕاژەکەمان. وەک ئاشکرایە داوانامەی FTP بە بنەڕەت پۆرتی ژمارە 21 بەکاردەبات. ڕاژەی proftpd گۆڕینی ئەو ژمارەیە زۆر بە ئاسانی دەکات بەڵام بە مەرجێک ژمارەی ئەو پۆرتەی هەڵیدەبژێرین دەبێت بەتاڵ بێت واتە لەلایەن هیچ پڕۆسەیەکەی تری سیستەمەوە داگیرنەکرابێت. بۆ دەستکاریکردنی ژمارەی پۆرتەکە ئەمە لە terminal بنووسە:
gksu gedit /etc/proftpd/proftpd.conf
دوای پێدانی تێپەڕەووشە ئەم پەڕگەیە دەکرێتەوە. بگەڕێ بە دوای Port دەبینی ژمارەی بەرامبەری 21 ـە. ئێمە بۆ نموونە ئێمە دەیگۆڕین بە 2134. پەڕەکە پاشەکەوت بکە. بۆ جێبەجێ کردنی گۆڕانکاریەکان دەبێت ڕاژەکە دووبارە دابگیرسێنیتەوە restart. ئەمەش بەم شێوەیە دەکرێت:
sudo service proftpd restart
ئێستا بۆ دەستگەیشتن بە ڕاژەی FTP یەکەت لە ئامێرێکی ترەوە. دەبێت ئەمە بنووسی لە وێبگەڕ یانیش لە Nautilus بە نموونە. ftp://192.168.0.1:2134