پێشەکی
کاتێک باسی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک و وەرگێڕان بە یارمەتیی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد دەکەین، زۆرجار تەنها سەرنج لە ڕستەسازی و وشەکان دەدەین، بەڵام خاڵبەندی و ڕێساکانی تەنیشت نیشانەکان فەرامۆش دەکەین. یەکێک لە باوترین و بەرچاوترین هەڵەکان لە دەقە کوردییەکانی ئەمڕۆدا، تێکەڵکردنی ڕێسای زمانی کوردییە لەگەڵ زمانە بیانییەکان لەکاتی بەکارهێنانی ئامرازی پێکەوەبەستنی (و) لەدوای بۆردا. ئەم وتارە بەراوردکارییەکی خێرا و ڕوونە بۆ ناسینەوەی ئەم هەڵە باوە و چۆنیەتیی ڕاستکردنەوەی لەژێر ڕووناکی بنەماکانی ڕێنووسدا.
چەڵەمەکە لە کوێیە؟
ڕۆژانە چەندین دەق و نووسین لە ماڵپەڕە کوردییەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەخوێنمەوە. هەڵەیەک کە زۆرجار بەرچاوم دەکەوێت، ئەویش بەکارهێنانی ئامرازی پێکەوەبەستنی (و) لە پاش بۆرە (,).
لە زمانی کوردییدا هەرگیز دوای بۆر ئامرازی (و) نایەت. ئەم هەڵەیە یان سەرچاوەی بەکارهێنانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زمانەکانی تر لەوانەش ئینگلیزی (and)، عەرەبی (وال).
ئەو دەقانە یان بە یەکێک لە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد وەرگێڕدراوە، یان خاڵبەندی و پێداچوونەوەی بۆ کراوە، یاخود هەر بە مۆدێلێک نووسراوە. ئەگەری ئەوەش هەیە خودی نووسەر دەقەکەی لەژێر کاریگەریی یەکێک لە زمانە بیانییەکان بەهەڵە خاڵبەندی بۆ وەرگێڕانەکەی ئەنجام دابێت.
بۆ نموونە: سێ کەس پێکەوە لەناو ڕستەیەکدا ناویان دەهێنرێت. ئایا چۆن بەشێوەی دروست لە زمانی کوردیدا ئەم ڕستەیە دەنووسرێت و هەڵەی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد و ئەوانی تر لە کوێدایە؟
ڕستەی هەڵە:
ئازاد, ئاری, و ئارام پێکەوە ڕاهێنان بە مۆدێلی زمانیی ژیریی دەستکرد دەکەن.
ڕستەی ڕاست:
ئازاد, ئاری و ئارام پێکەوە ڕاهێنان بە مۆدێلی زمانیی ژیریی دەستکرد دەکەن.
ئەگەر دەقەکە بە یەکێک لە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد وەرگێڕدرابێت یان نووسرابێت، هەمیشە لە جیاتی (and)ی ئینگلیزی، (وال)ی عەرەبی و (und)ی ئەڵمانی، ئەم هەڵەیە دەکات. لەکاتێکدا ئەو ئامرازانە بەپێی ڕستەکە لە زمانی کوردیدا دەگۆڕێن. بۆ نموونە لەم ڕستەی خوارەوەدا:
We also fully recognize that there is a person at the center of this situation, and we continue to provide support to him.
وەرگێڕانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد:
ئێمە بە تەواوی درک بەوەش دەکەین کە کەسێک لە چەقی ئەم بارودۆخەدایە، و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی.
لێرەدا لەدوای بۆر ئامرازی (و) هاتووە، لە کاتێکدا دەبێت (بۆر)ەکە نەبێت، یاخود لەجیاتی ئامرازی (و) بنووسرێت: (…، لەگەڵ ئەوەشدا…) یاخود (…، هەروەها…).


وەڵامێک بنووسە