تەکنەلۆجیای خەیاڵسازی (Virtualization): چۆن بە کۆمپیوتەری کۆن و کەمترین تێچوو، کارەکانمان ڕایی بکەین؟

پێشەکی

بیر لەوە بکەرەوە؛ دامەزراندنی کۆمپانیایەک یان زیادکردنی ژمارەی کارمەندان، زۆرجار بە واتای خەرجکردنی پارەیەکی خەیاڵی دێت بۆ کڕینی کۆمپیوتەری نوێ و گران بۆ هەر یەکێک لە کارمەندەکان. بەڵام چی دەبێت ئەگەر پێت بڵێم پێویستت بەم خەرجییە زەبەلاحە نییە؟ چی دەبێت ئەگەر تەنیا بە یەک کۆمپیوتەری بەهێز، ئیشی ١٠ کارمەند یان زیاتر بەڕێ بکەیت؟

ئەمە خەیاڵ نییە، بەڵکوو تەکنەلۆجیایەکە پێی دەوترێت خەیاڵسازی (Virtualization). لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە، دەتوانیت یەک ڕاژەکاری بەهێز (Server) دروست بکەیت بە چەندین کۆمپیوتەری سەربەخۆ بۆ کارمەندەکانت. با بزانین ئەم تەکنەلۆجیایە چۆن کار دەکات و بۆچی بۆ کۆمپانیاکەت پێویستە:

١. ژیانەوەی کۆمپیوتەرە کۆنەکان (گەڕانەوەی سەرمایە)

ئەم سیستەمە چۆن پارەت بۆ دەگەڕێنێتەوە؟ تەنیا سەیری کۆگای ماڵەکەت بکە؛ ئەو لاپتۆپەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر کە ئێستا بە ٢٠ هەزار دینار دەست دەکەوێت، یان ئەو کۆمپیوتەرە بچووکەی بەقەد لەپی دەستە و پێی دەوترێت “Raspberry Pi”، خۆیان لە خۆیاندا ناتوانن بەرنامە نوێیەکان کار پێ بکەن. بەڵام لە سیستەمی خەیاڵسازیدا، ئەم ئامێرە لاوازانە دەبنە پاڵەوان!

لە ژینگەی خەیاڵسازیدا، سەرجەم کارە قورسەکان و پرۆسێسکردنی داتاکان لەناو ڕاژەکارە سەرەکییەکەدا (Server) جێبەجێ دەکرێن. ئەو لاپتۆپە کۆنەی دەستت، کە پێی دەوترێت ڕاژەخوازی تەنک (Thin Client)، تەنیا وەک شاشەیەک بەکاردێت بۆ پیشاندانی وێنەکە و ناردنی جووڵەی ماوس و تەختەکلیلەکە. بەمەش ملیۆنان دینار لە کڕینی ڕەقەواڵەی (Hardware) نوێ دەگەڕێتەوە گیرفانت.

٢. داشکاندنێکی سەرسوڕهێنەر لە پسوولەی کارەبادا

کاتێک لەبری ١٠ یان ٢٠ کۆمپیوتەری گەورەی سەر مێز (Desktop) و چەندین سێرڤەر/ڕاژە، تەنیا یەک ڕاژەکاری سەرەکی لە کۆمپانیاکەتدا کار بکات، بەکارهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. ئامێرە بچووکەکانی وەک Raspberry Pi نزیکەی هیچ کارەبایەک سەرف ناکەن، بەمەش ژووری کارمەندەکان گەرم نابێت و پێویستیت بە سیستەمی ساردکەرەوەی زەبەلاح نامێنێت.

٣. قەڵایەکی پۆڵایین بۆ ئاسایشی داتاکان

لەڕووی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە، سیستەمی خەیاڵسازی خەونێکە و بووەتە ڕاستی. ئەگەر یەکێک لە کارمەندەکان بە هەڵە فایلێکی ڤایرۆساوی بکاتەوە و سیستەمەکەی تێک بچێت، کۆمپانیاکە سەلامەت دەبێت! چونکە هەموو کۆمپیوتەرە خەیاڵسازکراوەکان (Virtual Machines) لە یەکتر دابڕاون و ڤایرۆسەکە ناتوانێت پەڕینەوە بکات.

لە هەمووی گرنگتر تەکنیکێکە کە پێی دەوترێت وێنەی خێرا (Snapshot)؛ ئەگەر کۆمپیوتەرێک تووشی ڤایرۆسی مەترسیداری وەک ڕانسۆموێر/خاوە و سەرانە (Ransomware) بوو، وەک بەڕێوەبەری ئایتی دەتوانیت بە یەک کرتە سیستەمەکە بگەڕێنیتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە چەند خولەکێک پێشتر یان دوێنێ هەیبووە. وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت!

٤. ئاسانی لە بەڕێوەبردن و دامەزراندنی کارمەندی نوێ

هێشتاش بەشە خۆشەکە ماوە! ئەگەر بەیانی کارمەندێکی نوێ دابمەزرێنیت، پێویست ناکات بە پەلە بچیتە بازاڕ و کۆمپیوتەرێکی نوێی بۆ بکڕیت و چەندین کاتژمێر خەریکی دابەزاندنی ویندۆز و بەرنامەکان بیت. بە چەند کرتەیەک لەسەر کۆمپیوتەرە سەرەکییەکە، دەتوانیت لەبەرگیراوەیەک (Clone) لە سیستەمێکی ئامادەکراو دروست بکەیت، و لە ماوەی کەمتر لە ٥ خولەکدا، کارمەندە نوێیەکە ئامادەیە بۆ کارکردن.

لە کۆتاییدا… سیستەمی خەیاڵسازی (Virtualization) تەنیا تەکنەلۆجیایەکی ئاڵۆز نییە بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان، بەڵکوو چارەسەرێکی زیرەکانەیە بۆ هەر خاوەن کارێک کە بیەوێت بە بەکارهێنانی ئامێری زۆر هەرزان و کۆن، خێرایی، ئاسایش و سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و ڕزگاری بێت لە خەرجییە بێهوودەکان.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *