سواڵکەرانی «بینین» و چەرچییەکانی «سەربەخۆیی»

لە سەردەمی پلاتفۆرمە بازرگانییەکانی وەک یووتوبدا، دیاردەیەکی چەواشەکاری لەنێو بەشێک لە دروستکەرانی ناوەڕۆکدا سەری هەڵداوە. کاتێک ئەم کەسانە دەبینن بازاڕی بەرهەمەکانیان کزە و ژمارەی بینەرانیان لە پاشەکشەدایە، دەستبەجێ پەنا دەبەنە بەر دەمامکی نیشتمانپەروەری و دروشمی قەبەی وەک «پڕۆژەی سەربەخۆییی کوردستان» یاخود «بۆ داهاتوویەکی ئارام» دەکەنە پێشگری کارەکانیان. جا قسەکردن بەخێرایی و دەنگهەڵبڕین لە هەرە دیارترینیانە.

یووتوب لە بنەڕەتدا دامەزراوەیەکی سەرمایەدارییە و ئەلگۆریتمەکەی لەسەر بنەمای «دۆلار بەرانبەر بە کرتە (کلیک)» و کۆکردنەوەی زۆرترین بینین بۆ دەستکەوتی تاکەکەسی کار دەکات. بۆیە، هەر کەسێک لەژێر سایەی سیستەمێکی قازانجخوازیدا ئەو جۆرە ناونیشانە پیرۆز و گشتییانە بکاتە قەڵغانی بەرهەمە بازرگانییەکانی، لە ڕاستیدا خەریکی ساختەچێتیی هزری و بازرگانیکردنە بە هەست و نەستی عەوامی گەلی کوردی قارەمانەوە.

پڕۆژەی سەربەخۆییی کوردستان لە جیهانی واقیعدا، سەرەڕای دەیان ساڵ خەباتی چەکداری و بەخشینی سەدان هەزار قوربانی، هێشتا نەهاتووەتە دی؛ نەخوازە بە کەمپەینی کۆکردنەوەی ئیمزای سەر شاشەکان، یان لە ڕێگەی فێربوونی زمانێکی بیانی و خۆبەپاڵەوانکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێتە دی!

کورتکردنەوەی پرسێکی چارەنووسسازی نەتەوەیی لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بۆ کۆکردنەوەی «کرتە»، بەکاڵاکردنی نیشتمان و سووکایەتیکردنە بە خودی چەمکی خۆبەخشی.

نموونەی خۆبەخشیی ڕاستەقینە

بەڵام لە بەرانبەر ئەم بازاڕە ساختەیەدا، کاری خۆبەخشیی ڕاستەقینە و پیرۆز بوونی هەیە کە لە چوارچێوەی «هاوبەشیی زانستی و سەرچاوە کراوەکان» کار دەکەن؛ ئەوانەی بێدەنگ و بەبێ چاوەڕوانیی پاداشتی دارایی، ژێرخانی زمانی و کولتووریی ئێمە لە جیهانی دیجیتاڵیدا بنیات دەنێن. نموونەی هەرە دیاری ئەم شۆڕشە بێدەنگە بریتین لە:

  • ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی (سۆرانی): هەوڵی بێوچانی ئەو خۆبەخشە دڵسۆزانەی (بەتایبەت هاوڕێیانی هەولێر و سۆران) کە بەبێ هیچ دەستکەوتێکی ماددی، گەورەترین زانیاریزانی کوردییان دروست کردووە تا زانست بە زمانی دایک بەردەست بێت.
  • وۆردپرێس بە کوردی: پرۆسەی وەرگێڕان و بەکوردیکردنی سیستەمی وۆردپرێس، کە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە دەروازەی بۆ هەزاران ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی کوردی کردەوە تا بە زمانی ستانداردی خۆیان لە تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێتدا بوونیان هەبێت.
  • پڕۆژەی ناوازەی ڤەژینبووک (VejinBooks): کۆکردنەوە و بەژمارەییکردنی دەقە ئەدەبی و مێژووییەکانی کورد لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، کە سامانێکی نەتەوەییی لە فەوتان ڕزگار کرد و بەخۆڕایی خستییە بەردەستی خوێنەران و توێژەران.

ئەم سێ پڕۆژە ستراتیژییە، نموونەی زیندووی ئەو کارە بنەڕەتییانەن کە دەیان ساڵە حەسرەتی نەبوونیانمان دەخوارد و دەبوو زۆر زووتر کات و وزەیان بۆ تەرخان بکرایە؛ ئەمانە پێناسەی ڕاستەقینەی خۆبەخشی و خزمەتی نەتەوەیین، نەک بازرگانیکردن بە ناوی نیشتمانەوە لەپێناو چەند سەنتێکی یووتوب و فەیسبووکدا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *